بە ڤیدیۆ.. منداڵێك لە هەولێر فڕێ دەدرێت و لە سەرما ڕەق بووەتەوە

:: AM:11:15:12/01/2019 ‌
بەرپرسێكی پۆلیس لە هەولێر بڵاوی كردووەتەوە منداڵێك لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر فڕێ دراوە كە سەگێك پاسەوانی كردووە و دوای گەیشتنی هاووڵاتییان بۆ شوێنەكە، دەركەوتووە منداڵەكە لە سەرما ڕەق بووەتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 12ـی كانوونی دووەم، كاروان خۆشناو گوتەبێژی پێشووی پۆلیسی هەولێر لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، بەداخەوە بەیانی ئەمڕۆ لە نزیك قەڵاتی نوێ منداڵێكی تازە لەدایكبوو فڕێ درابوو.

ئەو بەرپرسەی پۆلیس ئاشكرای كردووە، هاووڵاتییەك پێی ڕاگەیاندووم، لە دوورەوە سەیرم كرد سەگێك لەسەری وەستاوە و لێ نەدەگەڕا نزیك ببمەوە لێی و دەحەپی، بەڵام چەند كەسێكی تریش هاتن و سەگەكەمان دەركرد و كاتی چووینە سەری، دیاربوو دەمێك بوو فڕێ درابوو و لە سەرمان ڕەق ببووەوە و گیانی لە دەست داوە.

ئاماژەی داوە، دوای گەیشتنی پۆلیس دەركەوت منداڵەكە كوڕە و تەرمەكەی لەلایەن پۆلیسەوە هەڵگیراوە و برا بۆ پزیشكی دادوەری.

فڕێدانی ئەو مندااڵە لە كاتێكدایە لە هەفتەی ڕابردوویش لە سنووری گەرمیان منداڵێكی تر فڕێ درابووە ناو زێراب و گیانی لە دەست دابوو.



وشە - رامیار جەواد