سەر لە ئێوارە عێراق یاریی هەیە


سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو هەڵبژاردەی عێراق لە دووەم یاریی پاڵەوانیەتیی جامی ئاسیای 2019 رووبەڕووی هەڵبژاردەی یەمەن دەبێتەوە.

یارییەكە سەعات 4:30ی سەر لە ئێوارە بەكاتی كوردستان لەنێو یاریگەی یانەی شاریقە لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی گەڕی دووەمی كۆمەڵەی چوارەم بەڕێوەدەچێت.

هەڵبژاردەی عێراق لە یاریی یەكەمیدا هەفتەی رابردوو بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ لە هەڵبژاردەی ڤێتنامی بردبووەوە، لەبەرامبەریشدا هەڵبژاردەی یەمەن لە یاریی یەكەمیدا بە 5 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران دۆڕا بوو.

بەمەش هەڵبژاردەی ئێران ئێستا بەكۆكردنەوەی 3 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە ریزبەندی یەكەمی هەڵبژاردەكانی كۆمەڵەی چوارەمدایە، هەردوو هەڵبژاردەی ڤێنتام و یەمەنیش بەبێ خاڵ لە ریزبەندی سێیەم و چوارەمدان.

بەر لە ئەنجامدانی یارییەكەی هەڵبژاردەی عێراق و یەمەن، هەڵبژاردەی ئێرانیش سەعات 2ی دوای نیوەڕۆ رووبەڕووی هەڵبژاردەی ڤێتنام دەبێتەوە، ئەگەر هەڵبژاردەی ئێران لەم یارییەدا سەركەوتن بەدەستبێنێ بەفەرمی سەركەوتنی بۆ قۆناغی 16ی پاڵەوانیەتییەكە مسۆگەر دەكات، بێگومان هەڵبژاردەی عێراقیش ئەگەر سەركەوتن بەدەستبێنێ ئەویش دەگات بە قۆناغی داهاتوو.

سەعات 7ی شەویش لە سێیەم یاریی ئەمڕۆ شەمووی جامی ئاسیادا لە كۆمەڵەی پێنجەم هەردوو هەڵبژاردەی لبنان و سعوودییە رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


PM:01:51:12/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 52 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌