كەیسی سێوان قادر كۆتایی هات.. پۆلیس زانیاری نوێ‌ ڕادەگەیەنێت

:: PM:03:13:12/01/2019 ‌
بەرپرسێكی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرای دەكات، كەیسی سێوان قادر ڕاپۆرتی كۆتایی لەبارەیەوە ئامادە كراوە و ئاراستەی دادگا كراوە بەمەبەستی بڕیاردان لەسەری.

ئەمڕۆ شەموو 12ـی كانوونی دووەم، سەركەوت ئەحمەد بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ڕاپۆرتەكان تەواو بوون و سەرجەم راپۆرت و لێكۆڵینەوەكان خراونەتە بەردەستی دادگا.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی گوتی، ڕاپۆرتی بەرگریی شارستانی و تیمی بەڵگەی تاوان و ڕاپۆرتی پۆلیس ئاراستەی دادگا كراون و كەیسەكە هیچ پێوەندی بە پۆلیسەوە نەماوە و دەبێت دادگا بڕیاری لەبارەوە بدات.

ئاشكرای كرد، ئەو زانیارییانە فەرمی نین كە باس لەوە دەكەن یەكێك لە تۆمەتبارانی كەیسەكە بێتاوان دەرچووە، هەروەها پۆلیس بە هیچ شێوەیەك زانیاری لەو شێوەیەی بڵاو نەكردووەتەوە و هەر زانیارییەكی فەرمی هەبێت رای دەگەیەنین.

سێوان قادر لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2018 دوای ئەوەی گڕ لە ماڵەكەیان بەردەبێت/ گومان دەكرێ هاوسەرەكەی بێت و ئێستە گیراوە/ سێ منداڵی دەسووتێن و سێوانیش دوای دوو ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا. لەسەر كەیسەكەی "وشە" پێشتر وردەكاری بڵاو كردبووەوە كە پێش سووتانی ماڵەكە لە كامێرای چاودێرییەوە دەركەوتووە كە پیاوەكەی شەڕی لەگەڵ دەكات و دواتر ماڵەكە دەسووتێ.



وشە - رامیار جەواد