كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی ئێران یەك لە دوای یەك لەكار دەكەون

:: AM:11:43:17/03/2019 ‌

ئەو سزایانەی ئەمەریكا بەسەری ئێرانیدا سەپاندوون، تەنیا بۆ ئەوە نییە رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكات، بەڵكو بۆ سەر گواستنەوەی دەریاییشە و كەشتییەكانی ئێران كە زۆربەیان كۆن بوون، چیتر توانای گواستنەوەی نەوتیان نییە و ئەگەر نۆژەن نەكرێنەوە یان نەگۆڕێن، ئەوا ئێران ناتوانێت نەوتەكەی بگوازێتەوە.

بەگوێرەی "ئەلعەرەبیە" كۆی ژمارەی كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی ئێران 50 كەشتین، بەڵام لەو ژمارەیە 16 كەشتییان كار دەكەن و ئەوانەی تر زۆر كۆن بوون یان بە هۆی كێشەی جیاواز لەكار كەوتوون.

ئێران پێویستی بەوە هەیە كەشتیی نوێ بكڕێت و هەر بۆ ئەم مەبەستەش گرێبەستێكی لەگەڵ كۆریای باشووردا واژوو كردبوو كە دەبوو 10 كەشتی نەوتهەڵگر رادەستی ئێران بكرێت. سزاكانی ئەمەریكا رێگر بووە لە جێبەجێكردنی ئەم گرێبەستە .

ساڵی رابردوو یەكێك لە كەشتییەكانی ئێران دوای ئەوەی خۆی بە كەشتییەكی تردا دا لە نزیك چین نوقمی ئاو بوو. زۆربەی ئەو كەشتییانەی ئێران كە ئێستە كار دەكەن تەمەنیان سەرووی 19  ساڵە. ئەگەر هیچ جێگرەوەیەك بۆ كەشتییە كۆنەكانی ئێران نەدۆزرێتەوە، ئەوا یەك لە دوای یەكتر كەشتییەكانی ئێران لەكار دەكەون.



وشە - سلێمان تاشان