ئاسایش و پۆلیس لە یاریگاكان دەستكراوە كران

:: PM:02:11:15/04/2019 ‌
یەكێتی تۆپی پێی كوردستان هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس دەستكراوە دەكات لە سزادانی ئەو هاندەرانەی لەناو یاریگا كاری ئاژاوەگێڕی دەكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی نیسان، لە ئاگەدارییەكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان هاتووە،  سەرجەم یانە بەشداربووەكان لە خول و پاڵەوانیەتییەكانی ناوخۆی و هاندەرانی سەرجەم یانەكانی كوردستان ئاگەدار دەكەینەوە، كە هێزە ئەمنییەكان (پۆلیس و ئاسایش) ـی سەرپشك كردووە، هەموو رێكارێكی یاسایی بگرنەبەر بۆ ئەو كەسانەی لە یاریگەكانی كوردستان لە كاتی یاری و لە دوای یاری، كێشە و ئاژاوە دەنێنەوە.

لە بەشێكی ئاگەدارییەكە ڕوون كراوەتەوە، ئەو بڕیارە بۆ ئەو هاندەرانەیە دەیانەوێت خولەكانی تۆپی پێی كوردستان ناشیرین بكەن، یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بەرپرسیش نییە لە هەر سزایەكی یاسایی، كە هێزە ئەمنییەكان بەرانبەر بە كەسانی ئاژاوەگێر لە یاریگەكان دەیكەن.

ئەو بڕیارەی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لە كاتێكە لە هەفتەی ڕابردوو لە یاری نێوان دەربەندیخان و سلێمانی ژمارەیەك لە هاندەرانی دەربەندیخان برینداربوون بەهۆی دروستبوونی پشێوی كە پۆلیس ناچاربوو گازی فرمێسك ڕژێژ بەكاربهێنێت.




وشە - رامیار جەواد