ڕۆژێكى دیپلۆماسیی له‌ هه‌ولێر.. حكوومه‌تى نوێ و قۆناغێكى نوێ له‌گه‌ڵ توركیا

:: PM:03:53:29/04/2019 ‌
شه‌وی رابردوو مه‌ولوود چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه‌ گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.

سه‌ردانه‌كه‌ى چاوشئۆغڵۆ بۆ كوردستان هه‌نگاوێكى تره‌ له‌ به‌ره‌وپێشبردنى پێوه‌ندییه‌كانى نێوان كوردستان و توركیا له‌ڕووى ئابوورى و سیاسیی، هاوكات كه‌شێكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ داهاتوو له‌ نێوان هه‌ردوولادا دروست ده‌كات.

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى كوردستان و مه‌سروور بارزانى ڕاوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان كۆبووه‌وه‌. ئه‌و سه‌ردانه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئێسته‌ هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م پێكهێنانى حكوومه‌تێكى نوێیه‌ كه‌ مه‌سروور بارزانى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات و بڕواى چاودێران وایه‌، ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌رگایه‌كى نوێ له‌ پێوه‌ندییه‌كانى نێوان كوردستان و توركیا كراوه‌ته‌وه‌.

به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان چاوشئۆغڵۆ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى كوردستان دووپاتى له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ خوازیاری په‌ره‌پێدانی زیاتری پێوه‌ندییه‌كانن له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیا توركییه‌كان ده‌توانن له‌ پرۆسه‌ی بنیاتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا به‌تایبه‌تیش له‌ ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕی داعش كار و وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.

هه‌ر ئه‌مڕۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیا له‌گه‌ڵ مه‌سروور بارزانى ڕاوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان كۆبووه‌وه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا،  وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ مه‌سروور بارزانی له‌ سه‌رۆكایه‌تی كردنی كابینه‌ی داهاتووی حكوومه‌تی هه‌رێمدا خواست و ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی بۆ هاوكاریكردن و په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندی دوو قۆڵی نێوان ئەنقەرە و هەولێر له‌ گشت بواره‌كاندا ده‌ربڕی.

ئایدن مه‌عرووف ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیی به‌ره‌ى توركمانى بۆ "وشە" ڕاى گه‌یاند، توركیا و كوردستان گرنگى زیاتر به‌ پێوه‌ندییه‌كانیان ده‌ده‌ن و گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى كه‌ ده‌توانن پێكه‌وه‌ هاوئاهه‌نگى زیاتر بكه‌ن.

هه‌روه‌ك ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌یش كرد، پێوه‌ندییه‌كانى توركیا و كوردستان له‌ داهاتوو ده‌چێته‌ قۆناغێكى تر و پاڵپشتى زیاترى كوردستان ده‌كه‌ن.

هاوکات هێژا دڵشاد شاره‌زاى كاروبارى توركیا له‌باره‌ى پێوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێم و توركیا بۆ "وشه‌" گوتى، پێوه‌ندییه‌كانى نێوان كوردستان و توركیا پێویستى به‌ پێداچوونه‌وه‌ هه‌بوو، بۆیه‌ ئێسته‌ هه‌وڵێكى توركیایه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ كوردستان كه‌ كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندى به‌یه‌كیانه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

ئه‌و شاره‌زایه‌ى كاروبارى توركیا گوتى، توركیا به‌ هاوبه‌شێكى گه‌وره‌ سه‌یرى كوردستان ده‌كات له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌تایبه‌ت له‌ بوارى وزه‌ و سامانى سروشتى، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ روویدا هه‌نگاوێكى گرنگ و گه‌وره‌ بوو.

هێژا پێى وایه‌ پێوه‌ندیى نێوان توركیا و كوردستان له‌ كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى كوردستان گرنگتر و نوێ ده‌بێته‌وه‌.

هێژا پێى وایه‌ پێوه‌ندیى نێوان توركیا و كوردستان له‌ كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى كوردستان گرنگترن و نوێ ده‌بێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ بابه‌تێكى دیار و تایبه‌ت نییه‌ كه‌ توركیا ئه‌مڕۆ قسه‌ى له‌سه‌ر كردبێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم