95%ی ئەوانەی خۆیان دەكوژن لە ژێر كاریگەری مادەی هۆشبەردان

:: PM:05:42:12/05/2019 ‌
تا دێت رێژەی خۆكوشتن لە عێراق روو لە زیاد بوون دەكات و ئەمەش بووەتە دیاردەیەكی مەترسیدار كە هێشتا لایەنە پێوەندارەكان نەیانتوانیوە دەستنیشانی چارەسەرەكەی بكەن. پەرلەمانتارێك دەڵێ، بەپێی بەدواداچوونەكان 95%ی ئەوانەی خۆیان دەكوژن لەژێر كاریگەری مادەی هۆشبەردان.

ئەمڕۆ یەكشەم 12ی ئایار، فالح زیادی پەرلەمانتاری لیژنەی تەندورستی و ژینگە رای گەیاند، پێداچوونەوەیان بۆ ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی كردووە هی ساڵانی رابردوو، دەركەوتووە كە خۆكوشتن و تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەكان زۆر زیادی كردووە.

فالح زیادی ئاماژە بەوە دەدات كە عێراق وڵاتێكە رووبەڕووی جەنگ و گەمارۆی ئابووری و ناسەقامگیری تەناهی و تیرۆر و گوشارە كۆمەڵایەتییەكان و دەروونی و ئابووری و سیاسی بووەتەوە، ئەمانە هۆكارن بۆ بەرز بوونەوەی نەخۆشییە دەروونییەكان، بەڵام هەرچی دیاردەی خۆكوشتنە پێویست بەوە دەكات چەندان فەرمانگەی پێوەندار كار بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوە و دەستنیشان كردنی هۆكارەكانی، چونكە خۆكوشتن بووەتە دیاردەیەكی مەترسیدار.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای دەكات 95%ی ئەوانەی لە ماوەی رابردوودا خۆیان كوشتووە، بە جۆرێك لە جۆرەكان لەژێر كاریگەری مادەی هۆشبەر بوون، گوتی "كێشەكە لە چیدایە؟ یاسا هەیە دەتوانێت چارەسەری كێشەكە بكات بەڵام كێ جێبەجێ بكات؟ ئەوەی لەسەریەتی یاسایەكە جێبەجێ بكات ئەو كارە ناكات".

زیاتر گوتی "سەرقاڵی توێژینەوەیەكین لە بارەی چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و خۆكوشتن و تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەكان و چۆنیەتی چارەسەر كردنیان، بەو پێیەی ئەوانە دیاردەی مەترسیدارن و دەبێت بەرەنگاریان ببینەوە".


وشە - فه‌رمان سادق