قایمقامیەتی هەولێر ئاشكرای دەكات لەلایەن تیمەكانی پشكنین 12 شوێن بەهۆی فرۆشتنی دەرمانی نایاسایی و ڕێگەپێنەدراو لە هەولێر داخران.
ئەمڕۆ سێشەم 14ـی ئایار، قایمقامیەتی هەولێر بڵاوی كردۆتەوە، نۆ نۆرینگەی پزیشكی و دوو كۆگای دەرمان و دەرمانخانەیەك داخران بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنوێنییەكانی كوالیتی كۆنتڕۆڵی دەرمان.
قایمقامیەتی هەولێر ڕوونی كردۆتەوە، لیژنەی باڵای بەدواداچوونی دەرمان كە پێكهاتووە لە قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی جۆری دەرمان و بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی ڕێكخراو سەربە ئاژانسی پاراستن و بە هاوكاری هێزی تایبەتی یەك و بەشی پۆلیسی شارەوانی لە هەڵمەتێك دوو كۆگای دەرمانیان لە شەقامی پزیشكانی هەولێر و نۆ نۆڕینگە و دەرمانخانەیەك لە مامزاوە و قۆریتان داخست.
لەبارەی هۆكاری داخستنیان ئاشكرای دەکات، ئەو شوێنانە دەرمانی نایاسایی و مۆڵەت پێنەدراویان فرۆشتووە و ڕێكاری یاسایی لەبەرانبەر سەرپێچییەکانیان گیراوەتە بەر.
داخستنی ئەو شوێنانە لە كاتێكە لە ماوەی ڕابردوو هەفتەنامەی "وشە" لە ڕاپۆرتێكدا نهێنی فرۆشتنی دەرمانی نایاسایی لە بەشێكی زۆری دەرمانخانەی شارۆكەكان ئاشكرا كرد، بەو هۆیەوە لە هەڵمەتێكی بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 45 دەرمانخانە داخران.