عێراق S- 400ی رووسی دەكڕێت

:: PM:03:04:15/05/2019 ‌
عێراق هاتە ریزی كڕیارانی S- 400ی رووسی، ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر ئەمەریكا هۆشداری دابووە عێراق و چەندان وڵاتی تر لە كڕینی ئەو سیستمە. حەیدەر مەنسوور دەڵێ، بڕیاری كڕینی سیستمی دژە مووشەكی S- 400 دراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ی ئایار، حەیدەر مەنسوور باڵوێزی عێراق لە رووسیا رای گەیاند، بەغدا بڕیاری كڕینی سیستمی دژە مووشەكی S- 400ی رووسی داوە.

مەنسوور هیچ زانیارییەكی تری لە بارەی كڕینەكە ئاشكرا نەكرد، تەنانەت ئاماژەی بە كاتی ئەنجامدانی پرۆسەی كڕینەكەش نەكرد، تەنیا هێندە نەبێت كە عێراق بڕیاری كڕینی داوە.

ئەو قسەیەی باڵوێزی عێراق لە رووسیا لە كاتێكدایە پێشتر ئەمەریكا هۆشداری داوەتە دەسەڵاتدارانی عێراق و چەندان وڵاتی تریش كە گرێبەستی كڕینی چەك لەگەڵ رووسیا واژوو نەكەن، هەڕەشەی ئەوەشی لێكردن كە بە یاسای " CAATSA " سزایان دەدات.

هەوڵی عێراق بۆ كڕینی سیستمی دژە مووشەكی S- 400، هاوكاتی گرێبەستێكی پێشتری نێوان رووسیا و توركیایە كە دوو ساڵ پێش ئێستە واژوو كراوە و چاوەڕوان دەكرێت مانگی تەمووزی داهاتوو سیستمەكە بگاتە توركیا، بەڵام بەگوێرەی دوا زانیاری توركیا نزیكە لە كڕینەكەی پەشیمان ببێتەوە.

سیستمی دژە مووشەكی S- 400 بە یەكێك لە پێشكەوتووترین سیستمی بەرگری ئاسمانی دادەنرێت بەهۆی ئەوەی زۆر وردە لە دەستنیشانكردنی ئامانجەكان، ئەمەش وایكردووە ئەمەریكا نیگەران بێت لەو سیستمە و بڵاوبوونەوەی بە وڵاتان.

جێی باسە چین یەكەم وڵات بوو ساڵی 2014 سیستمی S- 400 لە رووسیا كڕی.



وشە - فه‌رمان سادق