لەسەر بنەمای وێنەی ناو مۆبایلەكانیان فڕۆكەخانەیەكی توركیا ڕێ‌ لە هاووڵاتییانى كورد دەگرێ‌

:: PM:04:58:15/05/2019 ‌
لە فڕۆكەخانەی ئیستەنبۆڵ لە توركیا ڕێگری لە 40 هاووڵاتی كوردی خەڵكی باشووری كوردستان دەكرێ‌ بچنە ئەو وڵاتەوە و لەو ژمارەیەش 17 هاووڵاتیی دەگەڕێنرێنەوە بۆ كوردستان.

كۆتایی مانگی ڕابردوو لە فڕۆكەخانەی ئیستەنبۆڵ كە چەند مانگێكە كراوەتەوە ڕێگری كرا لە ژمارەیەك هاووڵاتی كورد. ڕێگرییەكە بەجۆرێك بووە كە لەلایەن چەند كەسێكەوە پشكنین بۆ ئەو هاووڵاتییانە كراوە و مۆبایلەكانیان دەستی بەسەردا گیراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم سەید ڕێبین یەكێك لەو هاووڵاتییانە و بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەو فڕۆكەخانەیە بۆ ماوەیەك گیراین و مۆبایلەكانمان دەستی بەسەردا گیرا، دوای چەند سەعاتێك لە ڕێوشوێنی توندی پشكنین سەیری مۆبایلی هەموو كەسەكان كرا.

زیاتر ڕوونی كردەوە كە پشكنین بۆ مۆبایلەكان كراوە لە ئەنجامدا ڕێ‌ نەدرا 17 كەس لەو گرووپە بچنە ناو ئیستەنبۆڵ و هیچ ڕوونكردنەوەیەكیشیان پێ نەداین.

ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، دواتر پرسیارمان لەسەر هۆكاری گەڕاندنەوەیان كردووە دەركەوتووە ئەو مۆبایلانەی پشكنینی بۆ كراوە وێنەی ئاڵای كوردستان و سەرۆك بارزانی تێدا بووبێت گەڕێنراونەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە دووپاتی لەوە كردەوە كە یەكەمجارە حاڵەتێكی لەم شێوەیە لەو فڕۆكەخانەیە هەیە و پێشتر چەند جارێك هاتوچۆی پێدا كردووە بەمشێوەیە نەبووە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام ڕایان گەیاند، ئاگاداری وردەكاری كێشەكە نین و بەدواداچوونی بۆ دەكەن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم