جوان یونس رۆژبه‌یانی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له په‌رله‌مانی كوردستان، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ده‌ڵێ، په‌رله‌مانی كوردستان ئێسته به‌دواداچوون ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی ناوچه كوردستانییه‌كان، به‌تایبه‌تی له داگیركردنی زه‌ویوزاری هاووڵاتییانی كورد له كه‌ركووك و سووتاندنی ده‌غڵودانی خانه‌قینییه‌كان.
بۆچی په‌رله‌مان به‌رانبه‌ر ڕووداوه‌كانی كه‌ركووك و خانه‌قین هه‌ڵوێستێكی ڕوون و ئاشكرای ده‌رنه‌بڕیوه؟
ناتوانین بڵێین په‌رله‌مان بێده‌نگ بووه له‌سه‌ر ئه‌م پرسانه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی به‌مدواییه له كه‌ركووك و خانه‌قین به‌رانبه‌ر به ماڵه كورده‌كان ئه‌نجامیان دا، وه‌ك داگیركردنی زه‌ویوزاری هاووڵاتییانی كورد له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌كانه‌وه، هه‌روه‌ها سووتاندنی ده‌غڵودانی كورد له خانه‌قین، ئێمه وه‌ك لیژنه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له په‌رله‌مانی كوردستان، هاتووینه‌ته سه‌ر خه‌ت و به رژدی به‌دواداچوون بۆ ئه‌م گیروگرفتانه ده‌كه‌ین كه له‌م ناوچانه‌دا هاتوونه‌ته ئاراوه، به‌ڵام ئاشكرایه ئێسته په‌رله‌مان سه‌رقاڵی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ته، ئه‌مه وایكردووه په‌رله‌مان كه‌متر ڕۆڵی خۆی ببینێ.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌م پرسه‌ی كه ئێسته له‌م ناوچانه‌دا له ئارادایه، چاره‌سه‌ركردنیان ته‌نیا پێوه‌ست نییه به په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵكو پێویستی به یه‌كڕیزی هه‌موو حزبه سیاسییه‌كانی كوردستانه كه به یه‌كده‌نگ بێنه سه‌رخه‌ت.
پلانتان چییه تا به‌م شێوه‌یه و به ئاشكرا چیتر كورد له‌م ناوچانه‌دا ته‌عریب نه‌كرێ؟
به‌داخه‌وه هاوشێوه‌ی زه‌مانی به‌عس ئێسته دووباره ده‌ست كراوه به ته‌عریبكردنه‌وه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، بێگومان پلان و پڕۆژه‌ی زۆرمان هه‌یه له‌و رووه‌وه، به پێداگیریمان له به‌رانبه‌ر حزبه سیاسییه‌كان كه به یه‌كده‌نگ نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بكه‌ن و هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه بدرێت بۆ باوه‌شی كوردستان.
له 16ـی ئۆكتۆبه‌ر دۆخی ناوچه كوردستانییه‌كان به سه‌ربازی كراوه، په‌رله‌مانی كوردستان له‌م خوله‌یدا هیچ هه‌نگاوێكی ناوه بۆ ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه ئاسایی بكاته‌وه؟
له‌م ماوه‌یه دۆخێكی نه‌خوازراو و به زۆر سه‌پێنراو به‌سه‌ر ناوچه كوردستانییه‌كاندا هاتووه به‌تایبه‌ت پارێزگای كه‌ركووك، بێگومان هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌یه دۆخی ئه‌م ناوچانه ئاسایی بكرێنه‌وه، ئه‌ویش به گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه بۆ زێدی باوباپیریان، چونكه ته‌ناهی و كه‌رامه‌تی هاووڵاتییان به گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه گره‌نتی ده‌كرێ.
په‌رله‌مان تا چه‌ند له جموجووڵی داعش له‌و ناوچانه‌ی كۆڵیوه‌ته‌وه كه ئێسته زۆر به ئاشكرا باس ده‌كرێ؟
ئه‌م دۆخه‌ی ئێسته له‌و ناوچانه ڕوو ده‌ده‌ن پلانێكی نه‌خشه بۆ داڕێژراوه له‌لایه‌ن عه‌ره‌به شۆڤینییه‌كانه‌وه كه ده‌یانه‌وێ ڕێژه‌ی كوردی تێدا كه‌م بكه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها هه‌بوونی داعش له‌م ناوچانه سوودی له بێهێزی ئه‌م میلیشیانه وه‌رگرتووه كه ناتوانن ئاسایشی ناوچه‌كه بپارێزن.
له‌باره‌ی ماده‌ی 140 هیچ هه‌نگاوێكتان ناوه بۆ كاراكردنه‌وه‌ی؟
بێگومان دوای ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت، جێبه‌جێكردنی ماده‌ی ۱٤٠ی ده‌ستووری عێراقی یه‌كێكه له‌و ئه‌جێندا گرنگانه‌ی كه كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
به‌ڵام ده‌سته‌ی گشتی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له ماوه‌ی ڕابردوو هیچ ڕۆڵێكی نه‌بوو له به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه و گرفتانه‌ی له ناوچه‌كه‌دا هه‌بوون، له داهاتووش به هه‌مانشێوه ده‌بێت یان پڕۆژه و به‌رنامه‌ی تازه‌تان هه‌یه بۆ كاراكردنه‌وه‌ی؟
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ماوه‌ی ساڵێكه به‌هۆی ئه‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی له حكوومه‌ت كشاوه‌ته‌وه، ئه‌ویش ده‌ستی له‌كار كێشاوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده ده‌ست له كاركێشانه‌وه‌كه‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیران په‌سه‌ند نه‌كرا، به‌ڵام وه‌ك پێویست نه‌یتوانی به‌دواداچوون بۆ كێشه و گرفته‌كان بكات، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌رێك بۆ دۆخی ئه‌م ناوچانه بكات.
له‌لایه‌كی تره‌وه، دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌و نووسینگانه‌ی له‌م ناوچانه دانرابوون كه نۆ نووسینگه بوون، هیچیان نه‌مان و ڕووخێنران، بۆیه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئه‌و ده‌سته‌یه كه‌متر توانی ئه‌و ڕۆڵه ببینێ كه پێویست بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كابینه‌ی نوێ‌دا ئه‌و ده‌سته‌یه كارا ده‌كرێته‌وه و ئێمه‌یش وه‌ك چاو‌دێر له‌سه‌ریان ده‌بین و به‌یه‌كه‌وه كار له‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه ده‌كه‌ین.
دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێم، پێت وایه پارتی و یه‌كێتی كار له‌سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كان بكه‌نه‌وه؟
وه‌ك ئاماژه‌م پێ كرد دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت، كاری رژدمان له‌سه‌ر ئه‌م پرسه ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌ویش به هاوئاهه‌نگی حزبه‌كان به‌تایبه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه.
ئێسته هیچ لیژنه‌یه‌ك بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌ستبه‌كار بووه؟
به‌ڵێ لیژنه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دانراوه، ئه‌ویش به سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك بارزانی كه به هه‌وڵ و هیمه‌تی ئه‌وان دۆخی ئه‌م ناوچانه ده‌كرێ ئاسایی بكرێنه‌وه.
له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا هیچ پڕۆژه‌یاسایه‌كی تایبه‌ت به ناوچه كوردستانییه‌كان له ئارادا ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ته‌واوی گرفته‌كان بكه‌ن؟
یه‌كڕیزی و ته‌بایی حزبه‌كان و نوێنه‌رایه‌تیكردنی خه‌ڵكی كوردستان له هه‌رێم و به‌غدا، چاره‌سه‌ری كێشه و گرفتی ئه‌م ناوچانه ده‌كات، ئێمه‌یش وه‌ك لیژنه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له په‌رله‌مانی كوردستان، به‌دڵنیاییه‌وه پڕۆژه‌یاسامان ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م پرسه و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
*ده‌سته‌ی ناوچه كوردستانییه‌كان كارا ده‌كه‌ینه‌وه و چاودێری ده‌كه‌ین.
وشه/دیمانه‌ی محه‌مه‌د جه‌مال