شەحنكردنەوەی مۆبایل لەناو ئۆتۆمبێل زیانی گەورەی هەیە

:: PM:06:55:30/05/2019 ‌

رەنگە شەحنی مۆبایلەكەت بەهۆی زۆر بەكارهێنانی دابەزێت و ناچاربیت لەناو ئۆتۆمبێل شەحنی بكەیتەوە، بەڵام پێویستە بیزانیت كە شەحنكردنەوەی مۆبایل لەناو ئۆتۆمبێل كارێكی گونجاو نییە و مەترسی هەیە. 

ماڵپەڕی "ریدرز دایجێست"، دەڵێت، شارەزایان وریایی لە شەحنكردنەوەی مۆبایل لە سەرچاوەكانی وزەدەری ناو ئۆتۆمبێل دەدەن بەوەی رەنگە كێشەی گەورە دروست بكات، براد نیكۆڵز شارەزایەكی بواری هونەری مۆبایل ئاماژە دەكات، رەنگە بەو شێوەیە مۆبایلەكەت بڕی زیاتری وزەی كارەبا وەربگرێت، بەتایبەتی ئەگەر شوێنی چەرخی جگەرە بۆ شەحنكردنەوە بەكاربێنیت كە تەزوویەكی كارەبایی 10 ئەمپێری دەدات، لەوكاتەی زۆرینەی ئامێرەكانی شەحنكردنەوە بڕێك كارەبا دابین دەكەن لە نێوان یەك بۆ سێ ئەمپێرە.

هەروەها شەحنكردنەوەی مۆبایل لەكاتی بەكارخستنی ئۆتۆمبێل كار دەكاتە سەر پاتریەكەی، بەتایبەتی ئۆتۆمبێلەكانی مۆدێل كۆن، هەروەها بوونی كێشە لە ئامێری شەحنكردنەوەی ناو ئۆتۆمبێل رەنگە تەزوویەكی ناجێگر بدات بۆ مۆبایلەكە و گۆڕانی لەناكاو رووبدات و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و تێكچوونی پارچەكانی ناوخۆی و لەناوچوونی هاندەكە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل