زانایان لە هەردوو زانكۆی بەنسلڤانیا و كالیفۆڕنیا لە ئەمەریكا سەلماندیان كە ئەو منداڵانەی بەرۆژ دەخەون، زیرەكترن بە بەراورد بە هاوتاكانیان لەوانەی ناخەون.
توێژەران لێكۆڵینەوەیان لەسەر كاریگەری نوستنی رۆژانەی منداڵ كرد و زانیارییەكانیان لەسەر سێ هەزار قوتابی كۆ كردەوە كە تەمەنیان لە نێوان 10-12 ساڵ بوو و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە ئەو منداڵانەی بە رۆژ دەخەون هەست بە خۆشی زیاتر دەكەن و زیاتر كۆنترۆڵی دەروونیان دەكەن و ئاستی زیرەكیان بەرزترە، وەك گۆڤاری " Sleep"، بڵاوی كردەوە.
توێژەران دووپاتیان كردەوە كە كاریگەری خەوتنی رۆژ بەسەر قوتابیانی پۆلی شەش دیار بوو كاتێك رێژەی سەركەوتنیان بە رێژەی 7.6% زیاتر بوو، ئەوان ئاماژەیان كرد كە خەوتنی رۆژ جیا لەوەی دۆخی تەندروستی و ئاستی فێربوونی قوتابیان زیاتر دەكات، ماوەی بەكارهێنانی ئامێرەكانی كۆمپیۆتەر كەمتر دەكاتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی پەرەسەندنی كۆئەندامی ناوەندی دەمار و زیرەكیان.
لە توێژینەوەی پێشتر زانایان دووپاتیان كردەوە كە كەمخەوتنی درێژخایەن و بەردەوام، رەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بە بەرزی پەستانی خوێن و شێوانی ئاستی رارایی و دەردانی رێژەی ئەنسۆلین، بۆیە رێنوێنی دەكەن بە داخستنی پەنجەرەكان لەشەوانەدا و دوورخستنەوەی مۆبایل و ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان لە ژووری نوستن بۆ خەوێكی ئارام.