بانكێكی عێراقی 19 قەرزی درێژخایەن رادەگەیەنێت

:: PM:04:13:10/06/2019 ‌
هاوكاتی راگەیاندنی قەرز بە بەردەوامی، دوا جار بانكی رافیدەین لیستی جۆری ئەو قەرزانەی بڵاوكردەوە كە هاووڵاتییانی عێراقی دەتوانن لێی سوودمەند بن.

ئەمڕۆ دووشەم 10ی حوزەیران، بانكی رافیدەین لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، هاووڵاتییان و فەرمانبەران دەتوانن سەردانی لقی بانكەكەیان بكەن لە شارەكانی عێراقی بۆ سوود وەرگرتن لە خزمەتگوزاری ئەو قەرزانەی بانكەكە پێشكەشی دەكات.

لە بەیاننامەكەدا بانكی رافیدەین ئەوە روون دەكاتەوە، بۆ سوودمەند بوون لە وەرگرتنی هەر قەرزێك ئەوا رێنوێنی تایبەت لە لقەكانی بانكی رافیدەین لە شارەكان هەیە، ئەوانەیشی داواكاری پێشكەش دەكەن بۆ وەرگرتنی قەرزەكە، دەبێت داوایەكەیان گونجاو بێت لەگەڵ مەرج و رێكارە یاساییەكان.

جێی باسە بەهۆی ناكۆكی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بە تایبەت لە دوای هاتنی داعش، پێوەندییەكانی بانكی رافیدەین بە هەرێمی كوردستان لاواز بووە و هاووڵاتییانی كوردستان سوودمەند نابن لە خزمەتگوزارییەكانی بانكی رافیدەین ئەگەرچی بانكێكی حكوومییە.

ئەو 19 قەرزەی بانكەكە پێشكەشی دەكات بریتین لە، قەرزی پڕۆژەی بچووك، قەرزی بازرگانی و گەشتیاری، قەرزی دادوەری، قەرزی یەكەی نیشتەجێ بوونی وەبەرهێنان، قەرزی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بەسمایە، قەرزی كۆمەككردن بۆ لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی قوتابیان و مامۆستایان، قەرزی بەكارخستن بۆ خاوەن زانكۆ و قوتابخانەكان، قەرزی بنیادنانی باخچەی ساوایانی تایبەت، قەرزی بەكارخستن بۆ خاوەن هوتێلە گەشتیارییەكان، قەرزی كڕینی ئۆتۆمبێل، قەرز بۆ پزیشكان و دەرمانسازەكان و پزیشكانی ڤێتێرنەری، قەرزی نیشتەجێبوون بۆ ئەو هاووڵاتیانەی ویستی گەڕانەوەیان هەیە بۆ ناوچە ئازاد كراوەكان، قەرزی نیشتەجێبوون كە بڕەكەی 50 ملیۆن دینارە بۆ خانووی 200 مەتری، قەرزی خانەنشینی، قەرزی فەرمانبەران كە پێوەندارە بە ماستەر كارد، قەرزی ئاسانكاری بانكی، قەرزی پڕۆژە بەرهەمدارەكان، قەرز بۆ خاوەن تاقیگە و كۆگاكانی پزیشكی، قەرز بۆ وزەی نوێ – وزەی تیشكی رۆژ، قەرز.


وشە - فه‌رمان سادق