بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر كوشتنی پاسەوانەكەی هاتە دەنگ

:: AM:10:28:11/06/2019 ‌
بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر تەقەكانی شەوی ڕابردووی ڕوونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە و داوای لێكۆڵینەوەی ڕژد دەكات بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری ڕووداوەكە.

ئەمڕۆ سێشەم 11ـی حوزەیران، میدیای فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوی كردۆتەوە، شەوی رابردو ژمارەیەك چەكدار تەقەیان لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان كرد لە سلێمانی، لەلایەن پاسەوانەكانەوە وەڵامدرانەوە و هەر بەهۆی تەقەی ئەو چەكدارانەشەوە پاسەوانێك شەهید بوو.

بزووتنەوەی گۆڕان لە بەیاننامەیەك دا ئاشكرای كردووە، سەعات یەك و نیوی شەوی رابردوو ژمارەیەك چەكدار تەقەیان لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی كرد و پاسەوانەكانی مەكۆی گۆڕانیش بەتوندی وەڵامی تەقەكەرەكانیان دایەوە، هەر بەهۆی تەقەی ئەو چەكدارانەوە یەكێك لە پاسەوانەكانی مەكۆی سەرەكی بەناوی "رێبەند فەرهاد" شەهید بوو.

لە كۆتایی بەیاننامەكە هاتووە، بزووتنەوەی گۆڕان وێڕای هاوخەمی بۆ شەهیدبوونی ئەو پاسەوانە پرسە و سەرەخۆشی لە كەسوكارەكەی دەكات و داوای لێكۆڵینەوەیەكی ڕژد و بێلایەن دەكات بۆ دۆزینەوە و گرتنی و دادگایی كردنی تۆمەتبارانی ئەو رووداوە.

تا ئێستە بەرپرسانی تەناهی سلێمانی لەسەر كوژرانی ئەو پاسەوانەی بارەگەی گۆڕان هیچ ڕووونكردنەوەیەكیان نەداوە.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 3211 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌