نرخی نەوت هەڵكشا

:: AM:10:14:13/06/2019 ‌

دوای دابەزینێكی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا، نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و دۆلارێك لە نرخی هەر بەرمیلێك هەڵكشا.

ئەمڕۆ پێنجشەم هەر لە سەرەتای كردنەوەی بازاڕەكە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و بەگوێرەی dailyfx نەوتی برێنت لە 59 دۆلار و 93 سەنتەوە بۆ سەرووی دوو دۆلار هەڵكشاوە.

هاوكات نرخی نەوتی تەكساسیش لە خوارووی 51 دۆلارەوە بۆ نزیكەی 53 دۆلار هەڵكشاوە.

سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاری بۆڕسە نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بریتی بوو لە 62  دۆلار و 40 سەنت. لە یەكەم رۆژی بازاڕەكە تا نیوەڕۆی سێشەم نرخی نەوت رووی لە هەڵكشان كرد و تا نزیكەی 64 دۆلار بەرز بووەوە، بەڵام ئێوارەكەی رووی لە داكشان كرد و تا شەوی رابردوو چوار دۆلار لە نرخەكەی دابەزی.
گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ رووداوی هێرشكردنە سەر دوو كەشتی نەوتهەڵگر لە كەنداو دەگەرێتەوە هاوكات سووربوونی وڵاتانی ئۆپێك لەسەر درێژكردنەوەی رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان بە هۆكارێكی تری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەژمار دەكرێت.

بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە وڵاتانی ئۆپێك و رووسیا كۆ ببنەوە و دوایین بڕیار لەمبارەیەوە دەربكەن.



وشە - سلێمان تاشان