گەرمیان: سەرۆک بارزانی سیمبولی نەتەوەی کوردە

:: PM:02:10:19/06/2019 ‌

كاردانەوەكان لەدژی گوتە ئاست نزمەکانی مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەردەوامە و بەرپرسی سەنتەرێكی راپرسی لە گەرمیان پێی وایە لێدوانی توند نابەرپرسانەیە و شەڕی راگەیاندن بەدوای خۆیدا دەهێنێ، دەوشڵێت سەرۆك بارزانی سیمبولی نەتەوەی كوردە.

ئەمڕۆ چوارشەم 19ی حوزەیران،چالاك نەجم بەرپرسی سەنتەری گەرمیان بۆ ڕاپرسی بە "وشە"ی راگەیاند، لە قۆناغی ئێستادا كە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، دەبێ دۆخێكی ئارام دور لە لێدوانی توند و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بڕەخسێندرێت نەوەك بە لێدوانی توند و گووتەی نابەجێ دۆخی هەرێمی كوردستان نائارام بكرێت و شەڕی راگەیاندن دروست بكرێتەوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، قسەكردن لەسەر سیمبولی نەتەوەی كورد سەرۆك مەسعودبارزانی، مایەی نیگەرانی هەموو كوردێكە چونكە لە دنیادا سەرۆك بارزانی بە سەركردەیەكی خاكی و رابەری جەنگی دژبە تیرۆر ناسراوە و دەبێ گەلەكەمان شانازی پێوەبكات.

سەرۆکی سەنتەری راپرسی گەنجان دووپاتی دەکاتەوە، بۆ بەرگرتن لە دواخستنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەحەرام زانینی قسەكردن لەسەر دوو ئیدارەیی دەبێت ئەوانەی باسی دووئیدارەیی دەكەن و قسە بە سیمبولی نەتەوەیەك دەكەن داوای لێبوردت بكەن.

رۆژی پێشتر مەحمود سەنگاوی دوور لە ئاكاری سیاسی وهەستكردن بە بەر پرسیارێتی دۆخی كوردستان، باسی دوو ئیدارەی كرد و گووتەی نەشیاوی بەرامبەر سیمبولی نەتەوەی كورد سەرۆك بارزانی بەكار هێنا، ئەوەش پاش ئەوە هات کە کوڕەکەی بۆ پۆستی وەزارەتی پلاندانان پاڵاوتبوو و لەلایەن مەکتەبی سیاسیی رەت کرایەوە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان