ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی سەرسووڕان

:: PM:03:36:19/06/2019 ‌

زۆركات لەپر سەر تووشی سووڕان دەبێت یان تووشی ئازار دەبێت ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرسووڕان بە نەخۆشی دانانرێت تەنیا بە حاڵەتێك سەیر دەكرێت كە پێوەندی بەلەشەوە هەیە، چەندان جۆری جیاوازی سەرسووڕان هەیە بەشێوەیەكی بنەڕەتی بۆ ناهاوسەنگی گوێی ناوەراست دەگەڕێتەوە كە دەبێتە تێكدانی هاوسەنگی لەش. ئەگەر تووشی سەرسووڕان بوویت بۆ ماوەیەكی زۆر پێویستە سەردانی پزیشك بكرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی دروستبوونی سەرسووڕان:
یەكەم: ژیانێكی پر لە فشار و هیلاكی مێشك، بەپێی زانایان، زۆربوونی فشار هۆكارێكە بۆ تووڕەبوون و تێكدانی مێشك و هەروەها تەندروستی جەستەیی . هەندێك جۆری فشار هەیە كە دەبنە حاڵەتێك بۆ دروستبوونی سەرسووڕان، ئەگەر لە ژیانی رۆژانەتدا فشارێكی زۆر هەبێت ئەوە بێگومان تووشی سەرسووڕان دەبیت، بۆیە باشتر وایە ئەو فشارە كەم بكرێتەوە بە گوێگرتن لە موزیك یان چونەدەرەوە و بازاڕكردن بۆ ئەوەی كاریگەرییەكی كەمتری هەبێت لەسەر لەش.

دووەم: كەمخەوی لە شەودا، بێگومان پێویستە هەموو كەسێكی ئاسایی شەوان حەوت بۆ نۆ سەعات بخەوێت. ئەگەر نوستنی شەو كەم بوو كار لە باری دەروونی دەكات و ئارەزووی خواردن كەم دەكاتەوە و سیستمی بەرگری بێهێز دەكات و ئارەزووی سێكس كەم دەكاتەوە و مەترسییەكانی نەخۆشیی شەكرە و دڵ زیاد دەكات  و هەروەها سەرسووڕان خراپتر دەكات. ئەگەر لە رۆژدا تووشی سەرسووڕان بووین بێگومان هۆكارەكەی كەمخەوییە لە شەودا. بۆیە پێویستە شەوان باش بنوویت بۆ ئەوەی بە درێژایی رۆژ لەشت بە تەندروستی بمێنێتەوە.

سێیەم: زۆر خۆنەدانەبەر تیشكی خۆر، زۆركات بۆ وەرگرتنی ڤیتامین دی لەش پێویستی بەتیشكی خۆرە پێویستە چەند خولەكێك تیشكی خۆر بەر پێست بكەوێت بۆ دەستكەوتنی ئەم ڤیتامینە، بەڵام خۆدانەبەر تیشكی خۆر لە نێوان كاتەكانی 10 بەیانی بۆ چواری ئێوارە سەرچاوەیەكی باشی ڤیتامینەكەیە. ئەگەر لە زیانەكانی تیشكی خۆر دەترسیت كە دەبنە هۆی پیربوونی پێست و نەخۆشی شێرپەنجەی پێست ئەوە باشتر وایە ڤیتامین دی لە سەرچاوەیی ترەوە وەربگیررێت وەك زەردێنەی هێلكە و جگەری گا، ماسی جۆراوجۆر و پەنیر و بەرهەمە خۆراكییەكانی تر.

چوارەم: كەم ئاو خواردنەوە، هەموومان دەزانین كە پێویستە رۆژانە نزیكەی 2 لیتر ئاو بخورێتەوە زۆرباشە بۆ رێكخستنی ریخۆڵەكان و رێگریكردن لە قەبزی. ئەگەر لەش شێدار بێت ئەوە سەرسووڕان كەمتر روو دەدات. لە هەندێك حاڵەتدا تەنیا شتێكی سادە دەبێتە هۆی وشكبوونەوەی لەش و لەم كاتەدا سەرسووڕان روو دەدات. بۆیە پێویستە رۆژانە بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە بۆ ئەوەی لەش تووشی وشكبوونەوە و چەندان گرفتی تر نەبێت.  



وشە - ئاوات ئازاد