زڕدایكێك و دوو پیاو دەستدرێژی سێكسی دەكەنە سەر منداڵێك

:: PM:03:59:19/06/2019 ‌
كچێكی هەشت ساڵان لەلایەن زڕدایك و دوو پیاو دەستدرێژی سێكسی دەكرێتە سەر و باوكی كچەكە ئاشكرای دەكات تاوانبارەكان ئازاد كراون.

ئەمڕۆ چوارشەم 19ـی حوزەیران، لوقمان ئیسماعیل باوكی لاڤان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دوو پیاو بەهاوكاریی زڕدایكی "لاڤان"ـی هەشت ساڵان و زڕپوورەكەی لە 4/3/2019 كچەكەمیان ڕفاند و پاش سێ سەعات دۆزیمانەوە، دوای پشكنینی پزیشكیی دەركەوت لاڤان دەستدێژیی كراوەتە سەر، منیش سكاڵام لەسەر تۆماركردن و لەلایەن پۆلیسەوە گیراون و ددانیان بە تاوانەكەیاندا نا.

باوكی لاڤان گوتی، زانیاریم پێ گەشتووە كە تۆمەتبارەكان ئازاد كراون، بۆیە سەردانی بنكەی پۆلیسی ڕاستیم كرد و بۆم دەركەوت بە بڕیاری دادگا و بە كەفالەت ئازاد كراون.

ئاشكرای كرد، بەرپرسێكی حزبی لە پشت ئازادكردنی تۆمەتبارانی دەستدرێژیی سەر لاڤانن، بۆیە داوا دەكەم دۆسیەی كچەكەم بە ڕێڕەوی یاسایی خۆیدا بڕوات، بۆ ئەوەی كێشەی كۆمەڵایەتیی گەورەتری لێ نەكەوێتەوە.

لاڤان لوقمان تەمەن هەشت ساڵ و دانیشتووی شاری هەولێر، لە 4/3/2019 لەلایەن دوو پیاوەوە و بە هاوكاریی دوو ژن دەستدرێژیی كرابووە سەر، تۆمەتبارەكان لە 14/4/2019 گیران و لە بنكەی پۆلیس دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە، بەڵام لە 17/6/2019 ئازاد كراون.



وشە - رامیار جەواد