سەرۆکی هەریم گەیشتە بەغدا

:: AM:11:14:20/06/2019 ‌

شاندێكی باڵای کوردستان بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق سەردانی بەغدا دەكات، پەرلەمانتارێكیش دەڵێ، سێ دۆسیە تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكانی دەبێت و چاوەڕوان دەكرێت بڕیاریان لەسەر بدرێت.

كەمێك پێش ئێستە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە یاوەری شاندێك گەیشتە بەغدا، بەگوێرەی زانیارییەكان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك بەرپرسی تری باڵای حكوومەت و لایەنە سیاسییەكان كۆ دەبێتەوە.

ئەمە یەكەمین سەردانی نێچیرڤان بارزانییە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێ، لەو سەردانەدا سێ تەوەر گفتوگۆی لەسەر دەكرێن.

میادە نەجار، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق تاوتوێی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان بە گشتی و پرسی هەناردەی نەوت و بودجەی كوردستان دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا باس لە تەواوكردنی كابینەی حكوومەت دەكرێت كە هێشتا سێ وەزارەتیان بێ وەزیرە و وەزارەتی داد یەكێكە لەوان كە پشكی كوردە و بڕیاری لەسەر دەدرێت.

لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان، پەرلەمانتارەكەی پارتی ئاماژەی بەوەدا كە ئاگادار نەكراونەتەوە كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەبێت یان نا.


وشە - فه‌رمان سادق