مەحموود سەنگاوی ئەنفالچییەک دەکات بە پێشمەرگە و لە زیندان دەریدێنێ

:: PM:07:24:20/06/2019 ‌
کەسوکاری ئەنفال داوای دادگاییکردنی مەحموود سەنگاوی دەکەن

 مەحموود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە فەرمانێك تۆمەتبارێكی ئەنفال لە زیندان ئازاد دەكات كە دەستی لە كوشتنی دەیان پێشمەرگەی یەكێتی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا هەبووە.

بەپێی بەڵگەنامەیەك كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، تۆمەتبارێكی كەیسی ئەنفال كە بڕیاری گرتنی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقەوە بۆ دەرچووە ڕۆژی 2014/5/8 لەلایەن پۆلیسی گەرمیانەوە گیراوە تا ڕۆژی ۲۰۱۸/٦/۱۸ لە بەندییخانەی كەلار، بەڵام دواتر سەنگاوی ئازادی کردووە، بەبێ دادگەییکردن یان گواستنەوەی بۆ دادگای فیدراڵی.

ئەم تۆمەتبارە وەک بەرپرسانی یەکێتی باسی دەکەن، لە كاتی شاڵاوەكانی ئەنفالدا دەستی لە خوێنی دەیان شەهیدی یەكێتی و لایەنەكانی تردا هەبوو، دەیان پێشمەرگەی یەكێتی بەچەكەوە ڕادەستی "ئەمنی عامە" و دەزگا تەناهییەكانی كەلاری حزبی بەعس كرد كە هەموویان لە سێدارە دراون و بەشێكیشیان تا ئێستە چارەنووسیان نادیارە، دواتریش ئەم تۆمەتبارە ساڵی ۱۹۹۱ تا ۲۰۰۳ كوردستان بەجێدەهێڵێت و دەچێتەوە ژێر دەسەڵاتی بەعس.

دوای گرتنی ئەو تۆمەتبارە لەلایەن پۆلیسی گەرمیانەوە مەحموود سەنگاوی لە ڕۆژی  ۲۰۱۸/٦/۱۳ نووسراوێك ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم دەكات و تۆمەتبارەكە دەكات بە "پێشمەرگە" لە كاتێكدا ئەو كەسە ئەنفالچی بووە.

هەروەك لە نووسراوەكەدا داوا دەكات تۆمەتبارەكە لە پۆلیسەوە بگوازرێتەوە بۆ دادگای سەربازی هێزەكانی  70، كاتێك پۆلیس تۆمەتبارەكە دەنێرێت بۆ دادگای سەربازی، پێش ئەوەی بگات لەلایەن مەحموود سەنگاوییەوە ئازاد دەكرێت و دەنێردرێتەوە بۆ كەلار.

ئەو كارەی سەنگاوی كە خۆی بە پێشمەرگە و فەرماندەی پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی دادەنێت، كاردانەوەی لێ‌ دەكەوێتەوە و ڕێكخراوەكانی تایبەت بە داكۆكی لە كەسوكاری ئەنفالكراوان ئەوە بە سووكایەتی دەزانن و داوای لێپرسینەوە لە سەنگاوی دەكەن.

پێشڕەو جەلال سەرۆكی ڕێكخراوی داكۆكیكار لە مافی كەسوكاری ئەنفالكراوان ئەو كارەی سەنگاوی بە سووكایەتی دەزانێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئەوان بە وردی ئاگاداری ئەو كارەی مەحموود سەنگاوین.

ئەو بۆ "وشە" گوتی، داوا كراوە كە داواكاری گشتیی و ئەنجوومەنی دادوەری ئەو كێشەیە یەكلا بكاتەوە و لێكۆڵینەوە لە مەحموود سەنگاوی بكرێ‌، بەڵام ئێستە هەوڵ دەدرێ‌ كێشەكە بە سیاسیی بكرێت و تاوانەكە لەسەری لاببرێت.

هەروەك دووپاتی كردەوە كە سەنگاوی دەستی باڵای لەو كارەدا هەیە كە ئەو تۆمەتبارەی كردووە بە پێشمەرگە و ئازادی كردووە.

لەلایەكی ترەوە هەڵسوڕێنەرێکی رێكخراوی داكۆكی لە ئەنفالكراوانی گەرمین كە بەهۆی مەترسیی لەسەر ژیانی بەو پێیەی لە کەلار دەژی، داوای کرد ناوەكەی ئاشكرا نەكرێ، بە "وشە"ی گوت، مەحموود سەنگاوی پێشێلكاری گەورەی بەرانبەر بە خەڵكی گەرمیان كردووە تا ئەو ڕادەی خۆفرۆشێكی كردووە بە پێشمەرگە.

ڕوونیشی كردەوە كە ئێستە دەیەوێ‌ خەڵك چەواشە بكات و لەژێر ئەو قسانەی دەیكات پێشێڵكاری و دزییەكانی خۆی بشارێتەوە و سوود لە ئاڵۆزبوونی بارودۆخەكە ببینێ‌.

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەو خۆفرۆشەی ئەو كردی بە پێشمەرگە گەورەترین سووكایەتییە بە پێشمەرگە و خەباتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان. 

مەحموود سەنگاوی كە ئێستە لەناو حزبەكەی و لە ئاست خەڵكی كوردستان تووشی ئیفلاسی سیاسی بووە و ترسی لە دەستدانی كۆمپانیا و ئاشكراكردنی گەندەڵییەكانی هەیە، كەوتووەتە پەلاماردانی سەركردەكانی كورد.

لەبەرانبەر قسەكانیشی كە باسی سەرۆك بارزانی كردبوو گوتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكی فەرمیدا ڕەتی كردەوە و ئاماژەی بەوە كرد قسەكانی مەحموود سەنگاوی تەنیا بۆچوونی خۆیەتی.

*
مەحموود سەنگاوی كە ئێستە لەناو حزبەكەی و لە ئاست خەڵكی كوردستان تووشی ئیفلاسی سیاسی بووە





وشە - سه‌رخێڵ هاشم