دایك و باوكی دلین: دەبێ بكوژی كچەكەمان لە سێدارە بدرێت

:: PM:02:30:22/06/2019 ‌
"تاوانبارەكە تەنیا یەك جار ئەویش بۆ نوێژكردن هاتووەتە ماڵمان."

لە چەند رۆژی رابردوودا كچێكی تەمەن 10 ساڵان بەناوی "دلین وەلید ئەحمەد" ون بوو، دوای چەند رۆژێك تەرمەكەی لەناو یەكێك لە پارکەکانی سەنتەری شاری دهۆك لە نزیك یاریگەی وەرزشی دهۆك دۆزرایەوە، بەگوێرەی راپۆرتە پزیشكییەكان و گوتەی پۆلیسی دهۆك، تاوانبارەكە ویستوویەتی دەستدرێژی سێكسی بكاتە سەر كچەكە و لەبەرئەوەی كچەكە بەرگری لە خۆی كردووە، دارێكی لە سەری كچەكە داوە و كوشتوویەتی.

دایكی دلین /30 ساڵ/ بۆ ”وشە” ئاماژەی دا كە ژنی ماڵەوەیە و لە 2008 لەگەڵ باوكی دلین هاوسەرگیری كرد, خاوەن پێنچ منداڵە و جگە لە دلین، دوو كچ و دوو كوڕی تری هەیە.

 دلین كچە گەورەكەی بوو كە تەمەنی 10 ساڵ و پۆلی چواری سەرەتایی بوو, وەك دایكی دلین باسی دەكات، كچەكەی تەنیا منداڵی نەبووە بەڵكو هاوڕێی بووە و لە ئیشی ماڵەوە هاوكاری كردووە و لە قوتابخانەش زیرەك و سەركەوتوو بوو.

ئەو زیاتر دەڵێت "هەردوو تاوانبارەكە لەگەڵ باوكی دلین هاوڕێ بوون, بەڵام تەنیا یەك جار هاتووەتە ماڵیان ئەویش بۆ نوێژكردن بوو، دلین خۆی ئاو و چای بۆی بردووە. ئەو رۆژەی دلین ون بوو رۆژی دووەمی جەژن بوو، بەمنی گوت دایكە جەژنانەم پێ بدە دەچمە ماڵی پلكم، منیش گوتم باشە ئێستە بۆت دێنم، تا گەڕامەوە لە حەوشە نەبوو لەگەڵ برای نۆ ساڵییەکەی و ئامۆزای چوونەتە دەرەوە، پاشان لە كوڕەكەم پرسی كوا دلین؟ گوتی دلین لێمان ون بوو هەرسێكمان چووینەتە خوارەوەی شەقامەكە لەوێ من و ئامۆزام بە جوچكەیەك خەریك بووین، دیتمان هەردوو برای هاوڕێی بابم دەستیان لەسەر ملی دلین دانا و دواتر لەوێ نەمان و روێشتن."

"یەك قسەی دلین هیچ كات لەبیرم ناچێت، هەموو كاتێك بەمنی دەگوت دایكە من گەورە بم تۆ  بەخێو دەكەم، چونكە بارۆدۆخی ئابووریمان باش نەبوو، تا كچەكەم گەورە كرد چاوم دەرهات، كەچی ئێستە وا بە ئاسانی دەستیان چووە خوێنی، بۆیە داوا دەكەم نەیەڵن خوێنی كچم بە فیڕۆ بڕوات". دایكی دلین وای گوت.  زیاتر باسی كرد لەو رۆژەی دلین رفێنرا، هەردوو برا هاتوونەتە ماڵیان بەبیانووی ئەوەی هاتوونەتە پرسەی خەسووی، چونكە ئەو رۆژەی دلین رفێنرا، رۆژی چوارەمی پرسەی داپیرەی بوو, دوای ونبوونیش هاتوونەتە ماڵیان تا سەیری بكەن سۆراخی دلین دەكرێ یان نا و كەس گومانی لێیان هەیە؟.

دایكی دلین داوا دەكات هەردوو تاوانبار بە مافی یاسایی خۆیان بگەن، چونكە خۆی دەەڵێ، هەردووكیان بەشداری تاوانەكەن و جیاوازیان نییە، ئەگەر برای بچووكی تاوانبارەكە نەیویستایە براكەی تاوانەكە ئەنجام بدا، با هاوكاری رفاندنی كچەكەمی نەكردایە یان بە نهێنی بە ئێمەی بگوتایە."

وەلید ئەحمەد مەعرووف لە دایكبووی ساڵی 1986 كە كاسبكارە و دەكاتە باوكی دلین. ئەو بۆ ”وشە” دەڵێت "من و برای بكوژەكە ماوەی هەشت ساڵە هاوڕێی نزیكی یەكین كە ئەویش لەگەڵ تاوانباری سەرەكیی رووداوەكە بەشدار بوو، تاوانباری سەرەكی برای گەورەی هاوڕێكەم بوو كە دوای هاتنی بۆ دهۆك بە منی ناساند و ئەویش بۆ ماوەی دوو ساڵە بووەتە هاوڕێم. بەڵام هاوڕێیەتی من و بكوژەكە تەنیا لە دەرەوەی ماڵ بوو، هەندێك جار لە بەردەرگەی ماڵ قسەمان دەكرد، تەنیا یەك جار هاتووەتە ماڵم ئەویش بەمنی گوت دێم نوێژ دەكەم, منیش هەندێك جار دەچوومە ماڵیان تەنیا بۆ هاوكاریكردنیان، ئەوان كرێچی بوون كاتێك ماڵی خۆیان دەگواستەوە هاوكاریم دەكردن چونكە پێشتر دراوسێمان بوون, هیچ شتێكی خراپم لێ نەدیبوو،، بگرە كەسێكی زمانخۆش و قسەزان بوو."

بەگوتەی باوكی دلین، بكوژی سەرەكی كچەكەی پێشتر لە مووسڵ ژیاوە و ئەوە دوو ساڵە هاتووەتە دهۆك و لە ماڵی برای دەژییا، زۆرجار بە براكەی گوتووە حەز دەكات لێرە ژنێك بخوازێت و هاوسەرگیری بكات, چونكە هاوژین و سێ منداڵی لە مووسڵ ماون، بۆیە بۆ ماوەیەك لە دهۆك فڕنێكی سەموونی هەبوو.

دوای رووداوەكە باوكی دلین زانیویەتی ئەو هاوڕێیەی كەسێكی باش نەبووە و زۆر كاری خراپی كردووە، تەنانەت كاتێك كە لەگەڵ ماڵەكەی بووە زۆر جار زۆر بەتوندی لە ماڵەكانی داوە و خوێنی لە دەموچاویان رشتووە، لەبەر ئەوە خێزانەكەی لەگەڵی نەهاتوون و لە مووسڵ ماون.

"نازانم لەبەرچی دوو هاوڕێم ئاوا بە خەنجەر لە پشتیان دام، من كەسێكی دەوڵەمەند نیم تا بۆ پارە كچەكەمیان رفاندبێت، یان كێشەیەكی لەگەڵم هەبێت، هەرگیز بڕوام نەدەكرد شتێكی ئاوام بەرانبەر بكات." باوكی دلین وای گوت.

دوای دەركەوتنی پشكنینەكان كە بۆ دلینی 10 ساڵان كرابوو، دەركەوتبوو كە پەردەی كچێنی سەلامەت بوو, بەڵام بكوژەكە هەوڵی زۆری داوە دەستدرێژی سێكسی بكاتە سەری، بەڵام كچەكە بەرگرییەكی زۆری لە خۆی كردووە و هەر لەبەرئەوە تاوانبارەكە كچەكەی كوشتووە.

باوكی دلین داوا لە سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی نوێ دەكات یەكەم كاریان واژووكردنی لە سێدارەدانی بكوژەكە و براكەی بێت تا نەبێتە دیاردە و مایەی ترسناكی بۆ كۆمەڵگە.

وەلید ئەحمەد بە قوڕگێكی پڕ لە گریانەوە باسی كچەكەی كرد و گوتی، "پێش جەژن دلین بەمنی گوت باوكە دەمەوێت بمبەیتە بازاڕ جلی جەژنم بۆ بكڕیت، منیش لەگەڵی چووم و داوای كرد جلی سپی بۆ بكڕم, بۆم كڕی و بەوە زۆر دڵی خۆش بوو، ماوەیەك بوو دەیگوت ئایپادێكم دەوێت، منیش بۆم نەكڕی لەبەر خوێندنی, کەچی زیز بوو، خۆزگە بۆم بكڕیایە كە نەمزانی دوا ئاواتی دەبێت."

لەسەر كەیسەكە دوو كەس تاوانبارن, یەكێكیان هاوكاری رفاندنەكەی كردووە و ئەویتر برا گەورەكە بووە كە هەوڵی دەستدرێژی سێكسی داوە و كچەكەش بەرگری لە خۆی كردووە، دواجار بووەتە قوربانیی ئەم تاوانە چەپەڵە.

وشە/ دهوك- دێژین سدقی








وشە - تایبه‌ت