سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران نامەیەک بۆ ترەمپ دەنێرێت

:: PM:12:22:25/06/2019 ‌

مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران وەک کاردانەوەیەک بۆ پاڵەپەستۆ ئابوورییەکانی ئەمەریکا بۆسەر وڵاتەکەی نامەیەک ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات.

ئەحمەدینەژاد لە نامەکەدا بە سەرۆکی ئەمەریکلا دەڵێ، ئاگادار بن هاووڵاتییانی ئێران و رای گشتی جیهانی بە چ شێوەیەک هەڵسەنگاندن بۆ کردار و رەفتارەکانتان دەکات.

ئەحمەدینەژاد لەدوای رێگەپینەدانی بە بوونەوە بە سەرۆک کۆماری ئێران و خۆ کاندیدکردنی تا ئێستە چەندان جار لەناوخۆی ئێران نامە و راگەیەندراو و گرتە ڤیدیۆی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا ویستوویەتی وەک کەسایەتییەکی سیاسیی خۆی پێشان بدات و هەوڵی داوە لایەنی ناسیۆنالیزمی فارسی لەناو ئێران بۆلای خۆی را بکێشێت.

لەو نامەیەشدا ئاماژە بە "کوروشی گەورە" کە فارسەکان بە رێبەری نەتەوەیی خۆیان هەژماری دەکەن، داوە و هەوڵی داوە بە ئەمەریکا بڵێت ئەو لەگەڵ توێژی ناسیۆنالیزمی ئێرانییە و هاوتەریب نییە لەگەڵ ویلایەتی فەقییە.

ئاژانسی هەواڵی دویچەوێلە لەبارەی نامەکەی ئەحمەدینەژادە نووسیویەتی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران ئەو نامەیەی ئاراستەی سەرۆکی ئەمەریکا کردووە تیایدا داوای کردووە لە بەرانبەر ئیرادەی ناسیۆنالیزمی فارسدا چەک و هێز بەکار نەهێنێت.



وشە - هیدایه‌ت جان