پارێزەری زیاد ئەسعەد: ئەوانەی قسە لەسەر زیاد ئەسعەد دەكەن دەدرێنە دادگا

:: PM:07:20:26/06/2019 ‌
كاردانەوەكان لەسەر دەنگۆی نەخۆشبوونی هونەرمەندی كورد زیاد ئەسعەد بەردەوامە و پارێزەری ئەو هونەرمەندە دووپات دەكاتەوە كە لەچەند ڕۆژی داهاتوو ڤیدیۆیەك بڵاو دەكاتەوە تیایدا بەفەرمی بەرێوەبەری كارەكانی دیار دەكات.

لە دوێنێوە دوای ئەوەی كەسێك بەناوی سەردار كەركووكی لە چاوپێكەوتنێكدا گوتی، زیاد ئەسعەد تووشی نەخۆشی دەروونی بووە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس باسی ئەو هونەرمەندەیە، هاوكات زیاد ئەسعەد كەسێكی وەك پارێزەری راوێژكاری خۆی دیار كردووە تا ئەوانەی ئەو جۆرە دەنگۆیە بڵاو دەكرێنەوە بدرێن بە دادگا.

ئەمرۆ چوارشەم 26ی حوزەیران، ئاسۆ هاشم راوێژكاری یاسایی بۆ "وشە" گوتی، "بە فەرمی بووم بە راوێژكاری یاسایی زیاد ئەسعەد و بەم زووانە ڤیدیۆیەك بڵاو دەكاتەوە كە تێیدا دووپات دەكاتەوە من بووم بە بریكاری و سكاڵا لەسەر هەموو ئەو كەسانە تۆمار دەكەین كە پڕوپاگەندە بڵاو دەكەنەوە".

ئاسۆ هاشم دووپاتی لەوە كردەوە كە هونەرمەند زیاد ئەسعەد باری تەندروستی جێگیرە و ئەو قسانەی لەبارەیەوە دەكرێ‌ هەمووی دوورن لە ڕاستییەوە و سەرجەمی ئەو كەسانەیشی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە نەرێنی كار لەسەر ئەو هونەرمەندە دەكەن دەدرێنە دادگا.

زیاد ئەسعەد یەكێكە لە گۆرانیبێژە ناودارەكانی كوردستان و لە دایكبووی ساڵی 1966ی شاری هەولێرە لەگەڕەكی تەیراوا و لە ساڵانی نەوەتەكان كوردستانی بەرەو هەندەران بەجێ هێشتووە. شیعر و ئاوازی بۆ دەیان هونەرمەندی كورد ئامادە كردووە، ئەم ماوەیە چەند كەسێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەندان قسەی و پروپاگەندەی دەخەنە پاڵی بەڵام پارێزەری یاسایی وڵامیان دەداتەوە كە ئەمە راست نییە.

لەو ڤیدیۆیەیش دەتوانن زانیاری زیاتر وەربگرن.



وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان