كۆمپانیای سامسۆنگی كۆریای باشوور دووپاتی كرده‌وه، كه له حه‌وتی مانگی ئاب/ئۆگه‌ستی داهاتوو یه‌كێكی تر له مۆبایله نوێكانی كه هه‌مووان چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن، به فه‌رمی ده‌یخاته ڕوو و دواتر له بازاڕه‌كان بڵاو ده‌كرێنه‌وه، به‌و هه‌نگاوه‌یشی سامسۆنگ كۆتایی به هه‌موو ده‌نگۆ و قسه و باسه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و مۆبایله نوێیه هێنا.
مۆبایله تازه‌كه‌ی سامسۆنگ بریتییه له گالاكسی نۆت 10 كه به یه‌كێك له پێشكه‌وتووترین مۆبایله‌كانی سه‌ر گۆی زه‌وی داده‌نرێ و زۆرترین تایبه‌تمه‌ندی تێدایه و كوالێتی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیشی زۆر به‌رز كراونه‌ته‌وه.
سامسۆنگ ئاشكرای كرد، كه دیزاینی گالاكسی نۆت 10 هاوشێوه‌ی گالاكسی نۆت 9 ده‌بێ، به‌ڵام تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی زۆر پێشكه‌وتووتر ده‌بن، له ڕووی شاشه و كامێرا و توانای پاترییه‌كه‌ی و پرۆسیسه‌ر و خێرایی كاركردنی.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان قه‌باره‌ی شاشه‌ی نۆت 10 ده‌گاته 6.3 بۆسه و نۆت 10 پله‌سیش ده‌بێته 6.8 بۆسه، هاوكات خوێنه‌ره‌وه‌ی په‌نجه‌مۆری سه‌ر شاشه‌ی هه‌یه و ده‌توانرێ له ڕێی نه‌وه‌ی پێنجه‌می ئینته‌رنێته‌وه به‌كار بخرێت واته 5G جیا له‌وه‌یش قه‌ڵه‌مێكی پێشكه‌وتوویشی له‌گه‌ڵ دایه كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی به‌هێزتر كراون.