فەیسبووك: كێشەكەمان چارەسەر كرد

:: AM:11:14:04/07/2019 ‌
دوای تێكەوتنی كێشە لە فەیسبووك و ئینستاگرام و واتس ئاپ، كۆمپانیای فەیسبووك رای گەیاند، كێشەكان چارەسەر كراون و بەكارهێنەران دەتوانن وێنە و ڤیدیۆیەكان ببینن و دایبگرن.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری تەمووز، دوای تێپەڕبوونی كەمتر لە 24 سەعات بەسەر بوونی كێشە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی فەیسبووك و ئینستاگرام و واتس ئەپ، لە نەكرانەوەی وێنە و ڤیدیۆكان و نەتوانین لە داگرتنیان لەلایەن بەركاهێنەرانەوە، كۆمپانیای فەیسبووك چارەسەری كێشەكەی راگەیاند.

كۆمپانیاكە لە بەیاننامەیەكدا گوتی "لەكاتی یەكێك لە نۆژەنكردنەوەكانی خولی، كێشەیەك رووی دا، ئەمەش وایكرد كردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لای هەندێك بەكاربەر زۆر ئەستەم بێت، یان بەكاربەران نەتوانن وەك پێویست وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی بۆ یەكتر رەوانە بكەن"، زیاتر گوتی "كێشەكە چارەسەر بووە و ئێستە بەكارهێنەران دەتوانن وێنە و ڤیدیۆ ئاڵوگۆڕ بكەن".

كۆمپانیای فەیسبووك هیچ روونكردنەوەیەكی لەسەر قەرەبووكردنەوەی كۆمپانیاكانی رێكلامی بازرگانی نەداوە كە ملیاران دۆلار ساڵانە داهاتی فەیسبووكە لە رێی ئەو رێكلامانەوە كە بەهۆی كێشە تەكنیكییەكە لە 24 سەعاتی رابردوودا رێكلامەكانیان نەدەكرانەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە پێشتریش لە مانگی ئاداری رابردوو، لە وەها رووداوێكدا كۆمپانیای فەیسبووك رای گەیاند، دیراسەی گەڕاندنەوەی زیانە لێكەوتووانی كێشە تەكنیكییەكە دەكەین.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی داون دیدكتور، لە ساتی روودانی كێشە تەكنیكییەكە تا چاككردنی زیاتر لە 14 هەزار بەكاربەر، كۆمپانیاكەی ئاگادار كردووەتەوە لە بوونی كێشە لە ئیسنتاگرام، هاوكات حەوت هەزار و 500 كەسیش فەیسبووكی لێ ئاگادار كردووەتەوە و هەزار و 600 كەسیش واتس ئاپی ئاگادار كردووەتەوە.

بەگوێرەی نەخشەی تەكنیكیش بێت، ئەوا كێشەكە زیاتر لە ئەوروپا و ئەمەریكا دەركەوتووە بە بەراورد بە وڵاتانی تری دنیا.


وشە - فه‌رمان سادق