ئومێد كەمال لەبارەی درامای "مقۆ مقۆ" دەدوێ

:: PM:01:48:04/07/2019 ‌
درامای مقۆمقۆ بەرنامەیەكی نوێی كەناڵی ئاسمانی سپێدەیە، دوو هەفتە جارێك شەوانی هەینی سەعات نۆ پەخش دەكرێ.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری تەمووز، ئومێد كەمال نووسەری بەرنامەی مقۆ مقۆ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەم پڕۆگرامە نوێترین كارمە بەبەشداری چەند هونەرمەندێكی بە ئەزموونی شاری هەولێر و سلێمانی.

زیاتر ڕوونی دەكاتەوە، من وەك نووسەر و بە هاوكاری و توانای ئەم هونەرمەندە پڕ ئەزموونانە هەوڵمان ئەوەیە تواناكانمان بخەینە خزمەتی ئەم پڕۆگرامە و بەرنامەكە ببێتە سەكۆیەك بۆ گوتنی كارە نەشیاوەكانی كۆمەڵگا و لەنگییەكانی دەسەڵات، كۆمیدیا  بەشێكی دانەبڕاوە لە هونەری نواندن و بینەر تامەزرۆی ئەو هونەرەیە، بەتایبەت كە كۆمەڵێك هونەرمەندی بە ئەزموون بەشداری تیادا دەكەن.

"من وەك نووسەری ئەم پڕۆگرامە هەمیشە ئازارەكانی خەڵك دەنووسمەوە لە فۆڕمێكی كۆمیدیدا، ئەمەش واتای ڕاستەقینەی ئەو كۆمیدیایەیە كە بە زمانی گوڵ هەموو هەڵەكان بەخاوەن هەڵە دەڵێینەوە". ئومێد كەمال وای گوت.

ئەو درامایە لە كەناڵی ئاسمانی سپیدە بڵاو دەبێتەوە و بە شێوەیەكی كۆمێدی تیشك دەخاتە سەر ئەو نەریتە نەشیاوانەی لە كۆمەڵگەدا بوون بە باو و رەخنەیەكە بۆ كەموكوڕییەكانی دەسەڵات لە كوردستان.

ئومێد كەمال لە ساڵی 2004 دەستی بەكاری شانۆ كردووە، تا ئێستە وەك نووسەر و دەرهێنەر و ئەكتەر كاری لە 32  شانۆیی كردووە لە تیپی شانۆیی پیرەمەگروون، بە شانۆ بەشداری زۆر فێستڤاڵی كردووە و دەقی شانۆیی و شیعر و چیرۆكی لە گۆڤار و ڕۆژنامەكانی ڕامان و خەبات و پێشكەوتن و دووكان و ڕێگای كوردستان، بڵاو كردووەتەوە.

هەولێر/ گەرمیان گلی


وشە - هیدایه‌ت جان