لەسەر خراپی ئینتەرنێت پەرلەمان لە وەزیری پێوەندییەكان دەپرسێتەوە

:: PM:02:18:04/07/2019 ‌
بەردەوامی خراپی هێڵی ئینتەرنێت دەگاتە هۆڵی پەرلەمان، پەرلەمانتاران واژوو بۆ لێپرسینەوە و بانگهێشتی وەزیری پێوەندییەكان رادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن. پەرلەمانتارێك دەڵێ، وەزیری پێوەندییەكان بەرپرسە لە خراپی هێڵی ئینتەرنێت و وەزارەتەكەی پڕە لە گەندەڵی.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری تەمووز، ئەسعد مورشیدی پەرلەمانتاری رەوتی حیكمەی ئۆپۆزسیۆن رای گەیاند، نەعیم روبێعی وەزیری پێوەندییەكان بەرپرسە لە خراپی هێڵی ئینتەرنێت و پێوەندییەكان، وەزارەتەكەشی تەنراوە بە گەندەڵی، ئەمە وایكردووە ئەندامانی پەرلەمان واژوو كۆ بكەنەوە بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری پێوەندییەكان.

پەرلەمانتارەكەی رەوتی حیكمە روونی كردەوە، كۆمەڵێك دۆسیە هەن پێوەند بە وەزارەتی پێوەندییەكان كە دەبێت وەزیر بەرپرسیاریەتییەكەیان هەڵگریت، بەتایبەت پێوەند بە دزینی سەعاتی ئینتەرنێت و خراپی خزمەتگوزاری پێوەندییەكان و گرێبەستە خەیاڵییەكان كە نەتوانراوە لە رێیان حزمەتگوزاری ژێرخانی پێوەندییەكان پێش بخرێن.

زیاتر گوتی "بە بەردەوام داوای بینینی وەزیرمان كردووە لە پێناو باشتركردنی خزمەتگوزراییەكان، چونكە گرێبەستی گەورە هەن و كراوەن، بەڵام لە كرداردا هیچ دەرئەنجامی نەبووە بەسەر پێشخستنی ژێرخانی تەكنەلۆجی و پێوەندییەكان لە عێراق كە لە ئاستی خواستی چاوەڕوانی هاووڵاتییان بێت".

بانگهێشتكردنی وەزیری پێوەندییەكان بۆ لێپرسینەوە لەسەر خراپی ئینتەرنێت، لە كاتێكدایە لە ماوەی نزیكی رابردوودا بەپێی پۆلێنی جیهانی عێراق لە ریزی 175مینی دنیا دێ لە خراپی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت.


وشە - فه‌رمان سادق