بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی: لە سلێمانی 15 هەزار بیری نایاسایی لێ دراون

:: AM:10:27:06/07/2019 ‌

عەباس عەلی بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی سلێمانی لە دیمانەیەكی "وشە"دا ڕای دەگەیەنێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئاستی ئاوی ژێر زەوی ئەمساڵ لە نێوان چوار بۆ 10 مەتر بەرز بووەتەوە. ئەوەش دەڵێ ئەوانەی لەسەر زەوی زیادەڕۆییان كردووە، لە ژێر زەویش زیادەڕۆییان كردووە و لە سنووری سلێمانیش نزیكەی 15 هەزار بیری نایاسایی هەن.

لە سلێمانی چەند حەوزی ئاوی ژێر زەوی هەیە؟
لە سنووری شاری سلێمانی یەك حەوزی ئاو هەیە، هەروەها لە پێنجوێن و قەرەداغ و بازیان هەریەكەیان حەوزی خۆیان هەیە، ئاوی ژێر زەوی ئەمساڵ بەهۆی بارانەوە زۆر بووە و بەرز بووەتەوە، لە پێنجوێن لە نێوان سفر بۆ حەوت مەتر دەگاتە ئاو، هاوكات ئاوی ژێر زەوی قەرەداغ لە نێوان 25 بۆ 30 مەتر لە رووی زەوی دوورە.

بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی ئەمساڵ باری، ئاوی ژێر زەوی لە هەموو حەوزەكان بەرز بووەتەوە؟
لە هەموو حەزەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە نێوان چوار بۆ شەش مەتر بەرز بووەتەوە، ئاستێكی دڵخۆشكەرە، بەڵام ئەو جۆرە ئاستانە گۆڕانكاری بەسەر دێت، لە ئەنجامی دەركردن و جووڵەی ئاو لە ژێر زەوی، جووڵەی ئاوی ژێر زەوی لە شوێنە بەرزەكان بۆ شوێنە نزمەكان لە حەوزەكاندا دەجووڵێتەوە و لە هەندێ شوێن دادەبەزێت تا جێگیر دەبێت، ئەگەر بڕی دەركردنی ئاوی ژێر زەوی كۆنترۆڵ بكرێت، ئەمساڵ نایاب دەبێت.

ئاوی ژێر زەوی  چ گۆڕانكارییەكی بەسەردا هاتووە؟
ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە بەرزبوونەوەدایە، لە هەندێ شوێن 10 مەتر سەركەوتووە بۆ ڕووی زەوی، لە حەوزی سلێمانی و تەواوی حەوزەكانی سنوورەكە ئاو بەڕێژەی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

چۆن پێوانەی ئاوی ژێر زەوی دەكەن بۆ بەرزبوونەوە و نزمبوونەوە؟
دوو مانگ جارێك ئەو بیرانەی كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوین كە ژمارەیان 50 بیر دەبێت، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە شوێنەكان پێوانە دەكرێت، ئەو بیرانە بیری پێوانەن و ئاویان لێ دەرناكرێت، واتە بیرەكە بەكار ناهێنرێت، ئەو بیرانە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین، بەو بیرانە ئاستی ئاوی ژێر زەوی بۆ كەمبوونەوە یان بەرزبوونەوە دیاری دەكەین.

جیاوازی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵی ڕابردوو چۆن بوو؟
ئاستی ئاوی ژێر زەوی ئەمساڵ زۆر جیاواز بووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بەڵام لە مانگی پێنج بە دواوە كە بارانەكە كەم بووەوە، ئاوی ژێر زەوی دەست بە جووڵە دەكات و لە هەندێ شوێن بەرەو كەمی دەڕوات، چونكە ئاوی ژێر زەوی بەردەوام لە جووڵەدایە، لە هەندێ ناوچە ساڵی ڕابردوو لە نێوان 35 بۆ 40 مەتر دەگەیشتە ئاوی ژێر زەوی و ئەمساڵ بۆ 27 مەتر دابەزیوە، شوێنێكی وەك پێنجوێن ساڵی ڕابردوو بە 11 مەتر دەگەیشتە ئاو، ئەمساڵ لە سفر مەترەوە تا حەوت مەتر دەگاتە ئاو.

لێدانی بیری نایاسایی تاچەند دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی؟
لێدانی بیری نایاسایی گرفتی گەورە بۆ ئاوی ژێر زەوی دروست دەكات و چەند بیر لێ بدرێت ئاوی ژێر زەوی كەم دەكات، چونكە بڕی ئاو بە نایاسایی دەربهێنرێت، دەبێتە هۆی كەمبوونەوە ئاو لە حەوزەكان، كاتێك بە نایاسایی ڕێژەی دەركردن زیادی كرد، دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، بەپێی مادەی 15ی ڕێنوێنی ژمارە یەكی ساڵی 2015 لێدانی بیر بە نایاسایی ڕێ پێدراو نییە، پۆلیسی دارستان و پۆلیسی مەدەنی بەردەوام خەریكی گرتنی ئەو كەس و ئامێرانەن لە ناوچەكان بیری نایاسایی لێ دەدەن، بەڵام ئەم دیاردەیە پێویستی بە لێپێچینەوەی زیاتر هەیە.

لە سنووری سلێمانی چەند بیری نایاسایی هەیە؟
تا ئێستە ئامارێكی ورد لەسەر بیری نایاسایی نییە لە سنووری سلێمانی، چونكە هەر كەسێك لێی دەدات نایاساییە و ئێمە نازانین، بەڵام پێوانەیەك هەیە كە وەك بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی خۆم دیاریم كردووە، هەر ئامێرێكی بیری نایاسایی كە دەستی بەسەردا بگیرێت، پێوانەمان كردووە لە نێوان هەشت بۆ 10 بیری نایاسایی لێ دابێت.

لە 20 ساڵی ڕابردوودا چەند ئامێری بیری نایاسایی دەستی بەسەردا گیراوە و پۆلێن هەیە كە چەند بیر لێ درابێت؟
ئێستە 52 ئامێری بیری نایاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی دادگاییكردنیان تەواو بووە و ئامادەن بۆ بڕینەوە، 42 ئامێری تر لە دادگاییكردندان و 13 ئامێری تر لە ئیشكردندا گیراوە، بەشێوەیەكی گشتی لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو تا ئێستە زیاتر لە هەزار و 200 ئامێری بیری نایاسایی دەستی بەسەردا گیراوە، داواكارین لە پۆلیسی دارستان و پۆلیسی سلێمانی كردووە هەوڵەكان زیاتر بكەن.

ژمارەی بیری یاسایی لە سنووری سلێمانی دەگاتە چەند؟
نزیكەی 15 هەزار بیری نایاسایی بەرانبەر بە نۆ هەزار و 601 بیری یاسایی لێ دراوە. لە كۆتایی 2018ەوە هیچ بیرێكی یاسایی لێ نەدراوە.
*
وشە/ دیمانە- هۆشیار عەلی






وشە - وشه‌