چاوەڕوان دەكرا شازادە دیانا ببێتە ئەكتەری سینەمایی

:: AM:11:12:06/07/2019 ‌

ئەكتەر و دەرهێنەرێكی زۆر ناوداری ئەمەریكی رای گەیاندووە، ئەگەر مردن و كارەساتە گەورەكە نەبووایە، ئێستە شازادە دیانا دەبووە ئەكتەرێكی زۆر ناوداری سینەمایی و لەگەڵ من لە فیلمێكی سینەمایی رۆڵی دەگێڕا.

كیڤن كۆسنتەری ئەكتەر و دەرهێنەر كە تا ئێستە دووجار خەڵاتی ئۆسكاری وەرگرتووە، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیی ئەمەریكی كە پێگەی "فەرفیش" بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی 1992 فیلمی "بۆدی گارد"ی لەگەڵ گۆرانیبێژی ناودار "وێتنی هۆستن" بەرهەم هێنا. ویستی بۆ بەشی دووەمی ئەو فیلمە، شازادە دیانای بەریتانیا بەكار بێنێت، بۆ ئەوەیش پێوەندیی لەگەڵ كردووە و تا ئاستێكی زۆر لەسەر ئەو پڕۆژەیە رێككەوتوون.

كۆسنتەر كە ئێستە تەمەنی گەیشتووەتە 64 ساڵ، لەو دیمانەیەدا دەڵێ، لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەبارەی رۆڵگێڕانی لە فیلمێكی سینەمایی وەك "بۆدی گارد" لەگەڵ شازادە قسەم كرد، ئەویش پێی خۆش بوو، بەڵام پرسیاری زۆری كرد چونكە دۆخی ژیانی تایبەتی ئەو، هی ئەوەبوو زیاتر پرسیار بكات و وەڵامەكانی دەست بكەوێت.

زیاتر روونی كردووەتەوە، شازادە پێی گوتووە سیناریۆیەك هاوشێوەی بەشی یەكەمی "بۆدی گارد" بنووسێتەوە، بەڵام دەبێ وریای ئەوە بێ لە فیلمەدا ماچی سۆزداریی تێدا نەبێت، چونكە لەگەڵ دۆخی تایبەتی ئەودا ناگونجێت كە شازادەی بەریتانیایە. كۆسنتەر ئەوەی گوتووە كە شازادە لە تەلەفۆن زۆر باش و بەڕێز بووە لەگەڵی.

دواتریش ئەو دەرهێنەرە لەو دیمانەیە گوتوویەتی، تەواوی سیناریۆكەی نووسیوە و ئامادەی كردووە بۆ كاركردن لە سینەما، كەچی رۆژێك دواتر 31ی ئابی 1997 كارەساتە گەورەكە رووی دا و شازادە دیانا تێیدا گیانی لە دەست دا. گوتی بۆیە دەڵێم ئەگەر كارەساتەكە نەبووایە، ئێستە شازادە دیانا ئەكتەرێكی ناوداری سینەمایی دەبوو.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د