سبەی بڕیار لەبارەی كەیسی كوشتنی "تریفە" دەدرێ‌.. لەلایەن مێردەكەیەوە كوژرابوو

:: PM:02:25:06/07/2019 ‌

دۆسیەی كوشتنی "تریفە سەردار" كە ساڵی ڕابردوو لە 11ی ئایار لە هەولێر كوژرا، بەڵام هێشتا دادگا دوای ساڵێك دۆسیەكەی یەكلا نەكردووەتەوە، بڕیارە سبەی یەكەم دادگای تەمیز بڕیار لەبارەی دۆسیەكەوە بدات و كەسوكاری تریفەیش دەڵێن، گومان دەكەین كەیسەكە بە لاڕێدا ببرێ‌.

ڕووداوەكە بەمشێوەیە بوو، ژنێك بەناوی تریفە سەردار /29 ساڵ/ لەناو ئۆتۆمبێلەكەی لە بەرچاوی دوو منداڵەكەی لەلایەن مێردەكەیەوە تەقەی لێ‌ كرا و كوژرا، ئەو كاتە ڕووداوەكە لە شەقامی 120 مەتری هەولێر ڕووی دا و لەگەڵ گرتنی هاوسەرەكەی تریفە، پۆلیس ڕای گەیاند، "بەپێی شایەتی منداڵەكانی، بكوژ بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی گیراوە كە سزاكە گرتنی تاهەتایی تا لە سێدارەدانە".

بەڵام دواتر لە دادگای تەمیزی هەولێر مادەكەی گۆڕا بۆ 411 و سزاكەی پێنج ساڵ گرتنە كە ئەگەر سیستمی شەو و ڕۆژی بۆ هەژمار بكرێ‌، ئەو پێنج ساڵە دەبێتە دوو ساڵ و نیو.

محەمەد سەردار برای تریفە بە "وشە" ی ڕاگەیاند، بڕیارە لە سبەی یەكەم دادگای تەمیز لە هەولێر بڕیار لەبارەی دۆسیەی تریفە بدات.

ڕوونی كردەوە كە هێشتا ئەوان گومانیان هەیە مادە یاساییەكانی پێویست بە كەیسەكە دەستكاری كرابێت و لە بەرژەوەندی تۆمەتباری ڕووداوەكە. ئەو گوتی، "بەپێی هەموو بەڵگە و شایەتەكان، هاوسەری تریفە بكوژەكەیە و پێویستە ئەو هەوڵە ڕابگیرێ‌ كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن تریفە خۆی تەقەی لە خۆی كردووە". هاوكات داوای كرد، میدیاكانی كوردستان هاوكاربن تا ڕێگربن لە بەلاڕێدابردنی دۆسیەی كوشتنی تریفە بكرێ.

جێی ئاماژەیە نزیكەی 11 مانگ پێش ڕووداوەكە، تریفە و هاوسەرەكەی دەبێت بە كێشەیان و لە یەكەم ڕۆژی جەژنی رەمەزانی ساڵی رابردوودا هاوسەرەكەی بەشێوەیەك لە تریفە دەدات كە هەموو سەروچاوی شین دەكاتەوە. ئێستە مێردەكەی تەریفە لە گرتووخانەیە و خێزانەكەیشی نایانەوێ‌ هیچ قسەیەك لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە بكەن.

بڕیارە سبەی سەعات نۆ دۆسیەكە بڕیاری لەسەر بدرێت و كەسوكاری تریفە داوا دەكەن میدیاكان لەبەردەم دادگای هەولێر ئامادەبن بە مەبەستی ڕووماڵكردنی پرۆسەی دادگاییكردنەكە.


 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم