ئەگەر پەكەكە لە شنگال نەبووایە ئێستە 60%ی خەڵكەكەی دەگەڕانەوە و ئاوەدان دەكرایەوە

:: AM:09:55:07/07/2019 ‌

وەیس نایف سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆكەی شنگال لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "وشە" ئاماژە بە مەترسییەكانی پەكەكە لەسەر شنگال دەكات و دەڵێت، ئەگەر پەكەكە لە شنگال بمێنێتەوە، ئەوە 30%ی شنگالییەكان لەوێ‌ نامێنن. ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات كە پەكەكە ڕۆڵێكی نەرێنییان هەیە لە شنگال و بوونەتە هۆی مەینەتی بۆ سەر خەڵك و ڕێ‌ نادەن ئاوارەكان بگەڕێنەوە.

بارودۆخی شنگال ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپتر دەچێ‌، ئێستە دوا زانیاری لەسەر رەوشی ئەوێ‌ چییە؟
بێگومان ڕەوشی شنگال بەرەو خراپی دەچێت، بەتایبەت دوای كەوتنەوەی چەند ئاگرێك لەو سنوورە و سووتانی زەویی خەڵك، ئێستە دۆخێكی نائارام هەیە و خەڵكی لەوپەڕی مەینەتیدا دەژین، ئێستە هەوڵێك هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئیدارەی شەرعی شنگال و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوە لەوبارەیەوە بكرێ‌، بەڵكو گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی شنگال ببێتە هۆی سەقامگیریی ناوچەكە.

پەكەكە ئێستە ڕۆڵی چییە لە شنگال؟
پەكەكە ڕۆڵێكی نەرێنییان هەیە لە شنگال و بوونەتە هۆی مەینەتی بۆ سەر خەڵك و ڕێ‌ نادەن ئاوارەكان بگەڕێنەوە ماڵ و شوێنی خۆیان، رۆژانە دەیان پێشێلكاری دەكەن و هەندێك گرووپی میلیشیایی شیعە پشتگیرییان دەكەن، ئەگەر پەكەكە لە شنگال نەبووایە، ئێستە 60%ی خەڵكی شنگال دەگەڕانەوە و ئاوەدان دەكرایەوە.

پەكەكە سوود لە ڕێگری خەڵك دەبینێ‌ بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچانە؟
بەڵێ‌، سوود دەبینن و بە ئارەزووی خۆیان حوكمی ناوچەكە دەكەن، شوێنێك یاسا و دامەزراوەی فەرمی نەبێت، خەڵك ناگەڕێتەوە و دەترسن لە پەكەكە، خەڵك باوەڕی بەو دەسەڵاتدارانەی شنگال نییە و بە گەڕانەوەیان ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، پەكەكە بەزۆر دەیەوێ‌ خەڵك چەكدار بكات، پێویستە حكوومەتی عێراق واز لە هاوكارییەكانی بۆ پەكەكە بێنی تا خەڵك بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، بەڵام تا بەغدا مووچە بە پەكەكە بدات، ئەوانیش ئەوێ‌ چۆڵ ناكەن.

ئێستە باس لەوە دەكرێ‌ پەكەكە بە نیازە گرووپێكی چەكداری لە كوردستان دروست بكات، بۆچوونی ئێوە لەوبارەیەوە چییە؟ 
بەداخەوە كە پەكەكە دەست بۆ ئەو كارانە دەبات، پێشتر پەكەكەمان بە هێزێكی نەتەوەیی دادەنا، بەڵام دەركەوت ئەجێندای وڵاتان جێبەجێ‌ دەكات و بەشێكی لە پیلانی نەرێنی دژی كوردستانە، مامەڵەكردنی پەكەكە بەمشێوەیەی ئێستە هەیە ئەنجامێكی باشی نابێ‌، بە هەوڵدان بۆ تێكدانی كوردستان پەكەكە ناتوانێ‌ مافی خۆی بەدەست بێنێت، ئەگەر پەكەكە بەدوای شوێنێك بۆ مافەكانی دەگەڕێ‌، ئەوە كوردستان نییە، ئەوان ئێستە لە بەرژەوەندی گەلی كوردستان كار ناكەن.

زانیاریتان هەیە ستراتیجی پەكەكە لە شنگال چییە؟ 
شنگال جێی پەكەكە نییە، پێویستە ئەوان بیر لەوە نەكەنەوە ئیتر لە شنگال بمێننەوە، ئێستە دۆخەكە وایە، ئەگەرنا سروشتی شنگال پەكەكە قبووڵ ناكات، بەبیری پەكەكەی دەهێنینەوە كە چیای شنگال قەندیل نییە تا خۆیانی لێ‌ حەشار بدەن، بۆیە ستراتیجی پەكەكە هەرچی بێ‌ بۆ شنگال سەر ناگرێ‌.

بەڵام پارتی لە بەرانبەر شنگال نەرمی زۆر دەنوێنی؟
سەركردایەتی پارتی ڕۆژێك لە ڕۆژانە ڕێگری لە ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی شنگال نەكردووە، بەڵام كاتێك مرۆڤ مەترسیی لەسەر ژیانی هەبێت، دەبێت ڕێی تر هەڵبژێرێ‌ و بیر لە رێوشوێنی تر بكاتەوە، بەڵام دووپات دەكەینەوە كە پارتی بەردەوام لە خەمی شنگال و ئاوەدانكردنەوەیدایە.

كەواتە چیتان بۆ شنگال پێ‌ چارەسەرە؟
چارەسەرەكە ڕوونە، پێویستە هێزێكی هاوبەشی نێوان عێراق و هەرێم لە شنگال دروست بكرێ‌ و پارێزگاری لە شنگال بكات، یان هاوپەیمانان بەشداری بكەن لە چارەسەری دۆخی شنگال و پێویستە هیچ حزبێكی چەكدار لە شنگال نەمێنێ، بەڕوونی دەبێت خەڵكی شنگال خۆیان ئیدارەی خۆیان بكەن، ئەگەر پەكەكە ئەو ناوچانەی چۆڵ نەكات، 30% شنگالییەكان لەوێ‌ نیشتەجێ‌ نابن.

بەبیری پەكەكەی دەهێنینەوە كە چیای شنگال قەندیل نییە تا خۆیانی لێ‌ حەشار بدەن



وشە - سه‌رخێڵ هاشم

ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌