لەسەر كوشتنی ژنەكەی دادگا بڕیاری لەسێدارەدان تا مردنی بەسەر دا دەسەپێنێت

:: PM:02:34:07/07/2019 ‌
دادگای تاوانەكان لە بەسڕە، بڕیاری لەسێدارەدان تا مردنی بەسەر پیاوێك سەپاند بە تاوانی كوشتنی ژنەكەی و دزینی ماڵەكەی. بەگوێرەی دۆسیەی لێكۆڵینەوە بێت، پیاوەكە لە ژنەكەی جیا بووەتەوە و پاشان بە چەقۆ هێرشی كردووەتە سەری و كوشتوویەتی و ماڵەكەشی بردووە.

ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی تەمووز، لە دادگای ئەبی خەسیب لە بەسڕە، دادوەری دادگای تاوانەكان بڕیاری لەسێدارەدان تا مردنی بەسەر پیاوێك سەپاند، كە پاش ماوەیەك دوای جیابوونەوە لە ژنەكەی بە چەقۆیەكی گەورە هێرشی كردووەتە سەری و كوشتوویەتی، پاشانیش ماڵەكەی لێ دزیوە.

بەگوێرەی راپۆرتی دادگا بێت، بكوژەكە دانی بە تاوانەكەی ناوە و باسی لەوە كردووە بەهۆی بوونی ناكۆكی لەنێوانیان لێك جیا بوونەتەوە، تاوانبارەكە بۆ دادوەر روونی كردووەتەوە، كێشە و ناكۆكییەكە پاش جیابوونەوەش هەر بەردەوامی هەبووە، ئەمەش هانی داوە هێرشی بكاتە سەری و بە چەقۆیەكی گەورە بیكوژێت.

تاوانبارەكە دەڵێ، چەقۆی یەكەمم لە سكی داوە و هەڵیزڕاندووە، پاشان چەقۆم لە بەشێكی زۆری جەستەی داوە و ئەمەش وایكرد هەر لە ماڵەكەی خۆیدا گیان لەدەست بدات".

لە پەڕاوی لێكۆڵینەوە ئاماژە بەوە كراوە، تاوانبارەكە پاش كوشتنی ژنەكە، پێنج ملیۆن دیناریشی لە ماڵەكە دزیوە.

دادوەر بەپشتبەستن خاڵی (ا – ج) لە بڕگەی (1)ی مادەی (406)ی یاسای ژمارە 111ی سزادانی عێراقی ساڵی 1969ی هەمووار كراو، بڕیاری لەسێدارەدان تا مردنی بەسەر تاوانبارەكە سەپاندووە.

جێی باسە سزای لەسێدارە لە عێراق جێبەجێ دەكرێت، بەڵام لە كوردستان لە 2005ەوە ئەو سزایە سڕ كراوە.


وشە - فه‌رمان سادق