ترەمپ هێرشێكی توند دەكاتە سەر كەناڵی فۆكس نیوز

:: PM:02:02:09/07/2019 ‌
ئەگەرچی كەناڵی فۆكس نیوز، بە كەناڵی دڵخوازی دۆناڵد ترەمپ دادەنرێت، بەڵام دوای شكستی لە مافی گواستنەوەی دیبەیتی نێوان ركابەرە دیموكراتەكان، سەرۆكی ئەمەریكا هێرشی توند دەكاتە سەر ئەو كەناڵە و پێیان دەڵێ، ئێوە زۆر خراپترن لە كەناڵی سی ئێن ئێن.

ئەمڕۆ سێشەم نۆی تەمووز، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە زنجیرە تویتێكیدا هێرشی توندی كردە سەر كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمەریكی، كە رۆبەرت مەردۆخ زەبەلاحی میدیای دنیا و دۆستی ترەمپ خاوەنداریەتی دەكات.

فۆكس نیوز، كەناڵی دڵخوازی ترەمپە و زۆرترین دەركەوتن و لێدوانەكانی لە ماوەی سەرۆكایەتییدا بۆ ئەو كەناڵە داوە، تەنانەت ئیدارەكەشی زۆرترین دەركەوتنیان لەو كەناڵە بووە، بەڵام فۆكس نیوز هەوڵیدا مافی گواستنەوەی دیبەیتی نێوانی ركابەرە دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی 2020ی ئەمەریكا بگوازێتەوە، لەمەشدا شكستی هێنا.

ترەمپ لە زنجیرە تویتەكانیدا دەڵێ، ئێستە فۆكس نیوز بەلای دیموكراتەكان شكاندویەتییەوە، ئەمەش وای كردووە لە كەناڵی "سی ئێن ئێنی درۆزن" زۆر ریسواتر دەربكەوێت.

ترەمپ لە تویتەكانی بەوەش نەوەستا، بەڵكو رەخنەی توندی لە فۆكس نیوز گرت بە گرێبەست كردن لەگەڵ دونا بەڕازیلی رۆژنامەنووس، گوتی "ئەو لە سی ئێن ئێن دوورخرایەوە لەسەر ئەوەی لیستی پرسیارەكانی پێشتر بە هیلاری كلنتن دابوو لە دیبەیتی 2016ی ركابەرایەتی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، كەچی فۆكس نیوز وەری گرتووە و گرێبەستی لەگەڵ كردووە".

زیاتر گوتی "دونا بەرازیلی، هەژموونی خۆی بەسەر فۆكس نیوز سەپاندووە، ئەمەش وای كردووە جەماوەری كەناڵەكە بۆ ئاستێكی زۆر دابەزێت، بەرپرسانی فۆكس نیوز ئەوەیان دەوێت بەڵام ئەوەیان ناوێت كە بینەرەكانی دەیانەوێت".

تویتەكانی ترەمپ دوای چەند سەعاتێك دێت لە گواستنەوەی راستەوخۆی یاری كۆتایی جامی جیهانی ژنان كە لە فڕەنسا بەڕێوەچوو، ئەمەریكا بووە پاڵەوان، بەڵام هاندەرانی هەڵبژاردەی ئەمەریكا لە دیمەنێكی راستەوخۆی یاریەكەدا سووكایەتی زۆریان بە دۆناڵد ترەمپ كرد.


وشە - فه‌رمان سادق

ئه‌م بابه‌ته 118 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌