فیلمێكی كوردی به‌شداریی له‌ فێستیڤاڵێكی به‌غدا ده‌كات

:: PM:04:26:09/07/2019 ‌

فیلمی كوردی دواچارەنووس كه‌  لە سیناریۆ و دەرهێنانی کامەران مەنسووڕە و شایی نەجات و گوڵێ حەسەن ئەکتەری سەرەکی ئەم فیلمەن، بۆ بەدەستهێنانی خەڵات لە فێستیڤاڵی بەغداد لە پێشبڕکێی سەرەکیدایه‌. 

ئەمڕۆ سێشەم نۆی تەمووز کامەران مەنسووڕ دەرهێنەری فیلمی دواچارەنووس تایبەت بە "وشەی"ی ڕاگەیاند،  فێستیڤاڵەکە لە 27ی ئه‌م مانگه‌ له‌ به‌غدا دەست پێ دەکات و ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت. 

له‌باره‌ی فیلمه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌هێنه‌ر گوتی: ناوەڕۆکی فیلمەکە ئاماژەیەکە بۆ توندڕەوی لە هەموو ئاین و ئایدۆلۆژیا و بیرکردنەوەکان، هەروەها کاتێک خاوەنی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە ململانێ لەگەڵ بەرانبەرەکەیان دەکەن وەکو کۆیلە مامەڵە لەگەڵ دیلەکان دەکەن و ئەم شێوازە بە درێژایی میژوو بەرجەستە کراوە، لەگەڵ هاتنی داعش ئەم جۆرە ڕەفتارانە بەدی دەکرا. ئێمە لەم فیلمەدا ئاماژە بەو ڕووداوانە دەدەین کە بەرامبەر بە کچە یەزیدییەکان کرا و لە بازاڕەکانی فرۆشتن وەکو کویلە دەفرۆشران، هەروەها کوڕی یەکێک لە سەرکردە گەورەکانی داعش دەکەوێتە داوی عەشقی کچێکی یەزیدی، دواتر کە بۆ یەک نابن، کوڕەکە دوور لە بۆچونەکانی باوکی دەڕوات لە یانەکانی شەوانە کار دەکات. 

زیاتر گوتی: ئەم فیلمە بەشداری 13 فێستیڤاڵی کردووە و هەندێکیان تەواو بووە و هەندێکیشیان لەمساڵدا دەست پێ دەکات، هەروەها لە هەر فێستیڤاڵێک نزیکەی 30 بۆ 40 فیلم بەشدار دەبن لە سەرجەم ووڵاتانی دنیا. 

لە بارەی گرینگی بە دەستهێنانی خەڵاتی فێستیڤاڵه‌كه‌ دووپاتی کردەوە، ئێمە بۆ خەڵات ناچینە بەغدا، گرینگ ئەوەیە فیلمەکەمان وەکو فیلمێکی کوردی بوونی خۆی بسەلمێنێت و لە فێستیڤاڵە جیهانی و هەرێمایەتییەکان بەشداری بکات. 

وشه‌/ گەرمیان گلى 






وشە - ڕێناس شابان