رەگەزنامە لە شاجوانی عێراق وەردەگیرێتەوە

:: AM:09:43:11/07/2019 ‌
هەوڵەكان بەردەوامن بۆ سەندنەوەی رەگەزنامە لە شاجوانی عێراق، ئەمەش دوای ئەوە دێت كە سارە عیدان لە ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤ پشتگیری لە ئیسرائیل كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تەمووز، لە زنجیرە تویتێكدا سارە عیدان، شاجوانی عێراق بۆ ساڵی 2017، هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق و پەرلەمانی ئاشكرا كرد بۆ سەندنەوەی رەگەزنامەی عێراقی لێی، بەهۆی پشتگیریكردنی لە ئیسرائیل لە ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤ.

عیدان گوتی "لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری داوە پشتگیری لەو دەنگانە بكات كە داوای وەرگرتنەوەی رەگەزنامە لە من دەكەن، ئەوان داوا دەكەن چیتر رێ بە من نەدرێت بێمەوە بۆ عێراقیش".

زیاتر گوتی "دوو هەفتەیە عێراق هەموو هەوڵێك لە رێی نەتەوە یەكگرتووەكان دەدات كە من ناتوانم بە ئازادی خۆم قسە لەسەر ئیسرائیل بكەم، ئەوان ئێستە رەگەزنامەم لێ وەردەگرنەوە، ئەمە كارێكی نامرۆڤانەیە و من ناتوانم قسەش بكەم".
 
شاجوانی عێراق داو الە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات كۆتایی بە سەركوتكاری لە عێراق بهێنێت و دیموكراتیی لە جێیدا جێگیر بكات، بەوەی ئازادی رادەربڕین بنەمای سەرەكی دیموكراتییە و دەبێت پارێزگاری لێ بكرێت.

سارە عیدان جگە لە رەگەزنامەی عێراقی، ئەوا رەگەزنامەی ئەمەریكیشی هەیە، داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئیسرائیلیش كردووە، دەستوەردان بكەن و لێكۆڵینەوە بكەن لەسەر پرسی سەندنەوەی رەگەزنامەی عێراقی.

 گوتی "شەڕ دەكەم بۆ پاراستنی رەگەزنامەكەم، ئەو جەنگەش تەنیا لەپێناو مافی خۆم نییە، بەڵكو رووبەڕووبوونەوەیەكە لەگەڵ ئەوانەی پشتگیری لەو دەنگانە دەكەن، هیوادارم لەم جەنگە ئەمەریكا و ئیسرائیل پشتگیریم بكەن".

 پێوەند بەو پرسە رێكخراوی یو ئێن وۆچ " UNWatch"ی ئەمەریكی داوای لە كولی سیك سەرۆكی ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤ كرد رێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر دژ بە عێراق تا رەگەزنامە لە سارە وەرنەگیرێتەوە.

سارە عیدان دوای ئەوەی وەك شاجوانی عێراق دەستنیشان كرا، دواتر بەسەردانی بۆ ئیسرائیل و پشتگیریكردن لە بەستنی پێوەندییەكی فەرمی لەگەڵ ئەو وڵاتە، مشتومڕێكی گەورەی نایەوە.


وشە - فه‌رمان سادق