نەوت بەرزترین نرخی لە ماوەی 45 رۆژی رابردوو تۆمار كرد

:: AM:10:23:11/07/2019 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و رەوتی هەڵكشانی نرخەكەش ماوەی دوو رۆژە خێراتر بووە و گەیشتووەتە بەرزترین نرخ كە لە ماوەی مانگ و نیوی رابردوو تۆمار كرابێت.

سەرەتای ئەم هەفتەیە كاتێك بازاڕی بۆرسە كرایەوە نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بریتی بوو لە سەرووی 64 دۆلار و لە یەكەم رۆژی بازاڕەكە نرخی نەوت بۆ 63 دۆلار و 85 سەنت دابەزی، بەڵام لە رۆژی سێشەمەوە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و ئەم بەرزبوونەوەیەش تا ئێستە بەردەوامە.

بەگوێرەی dailyfx  نرخی نەوت لەو ماوەیەدا نزیكەی چوار دۆلار بەرز بووەتەوە و ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 67 دۆلار و 26 سەنت دەفرۆشرێت. هاوكات نرخی نەوتی تەكساسیش لە 57 دۆلارەوە بۆ 60 دۆلار و 68 سەنت هەڵكشاوە .

هەڵكردنی زریانی وەرزی لە كەنداوی مەكسیكۆ بووەتە هۆكاری ئەوەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت لەم ناوچەیە ئاستی بەرهەمهێنانیان كەم بكەنەوە  و ئەمەش لە گرنگترین هۆكاری هەڵكشانی نرخی نەوت هەژمار دەكرێت.

هۆكارێكی تری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ دابەزینی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە و لە ماوەی هەفتەی رابردوودا هەشت ملیۆن بەرمیل لە نەوتەكە دابەزیوە و گەیشتووەتە 461 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل. لێكۆڵەرەوان پێشبینییان كردبوو سێ ملیۆن بەرمیل لە نەوتەكە كەم ببێتەوە.

هەر جۆرە دابەزینێك لە ئاستی خستنەڕوو و بەرزبوونەوەی ئاستی داخوازی، دەبێتە هۆی هەڵكشانی نرخی نەوت.



وشە - سلێمان تاشان