هەرزانترین و گرانترین نرخی ئینتەرنێت لە وڵاتانی دنیا راگەیەنرا


نوێترین ئامار  و زانیاری دامەزراوەی cable كە تایبەتە بە ئینتەرنێت ئەوە دەردەخات كە تێكڕای نرخی ئینتەرنێتی مۆبایل لە دنیادا دەگاتە هەشت و دۆلار و 53 سەنت لە بری داونلۆدكردنی هەر گیگابایت.

گرانترین نرخی ئینتەرنێت زیمبابوێیە لە كیشوەری ئەفریقا كە تێكڕای نرخ بریتییە لە 75 دۆلار و 20 سەنت و هیندستانیش بە تێكڕای نرخی 26 سەنت هەرزانترین خزمەتگوزاری ئینتەرنێت پێشكەش دەكات.

زۆربەی وڵاتانی ئاسیا جگە لە تایوان، چین و كۆریای باشوور بەراورد بە وڵاتانی تری دنیا نرخی ئینتەرنێت تێیاندا هەرزانترە.

لە نێو وڵاتانی ئەوروپاش هەرزانترین نرخی ئینتەرنێت فینلەندایە و لە بری هەر یەك گیگابایت دۆلارێك و 16 سەنت لە هاوبەشەكە وەردەگیرێت.

ئەمەریكاش بە نرخی 12 دۆلار و 37 سەنت خزمەتگوزاری ئینتەرنێت پێشكەش دەكات و لە لیستی گرانترین وڵاتان دێت. لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا هەرزانترین نرخی ئینتەرنێت پۆڵۆنیایە و لە بری هەر گیگابایتێك دۆلارێك و 32 سەنت دەستێنرێت.

لە كیشوەری ئەفریقا هەندێك وڵاتی وەك سودان، كۆنگۆ، نرخی ئینتەرنێت كەمتر لە دۆلارێكە و لە زیمبابوێ، گینە نرخەكەی سەرووی 50 دۆلارە.

لیستی هەرزانترین خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی مۆبایل لە دنیادا بریتییە لە هیندستان-كازاخستان-ئۆكراین-سوودان-سێریلانكا-مەغۆلستان-میانمار-كۆنگۆ-ئیسرائیل-رووسیا-بەنگلادیش-فینلەندا-مالیزیا-ئەندەنووسیا-یۆنان-ئێران-ڤێتنام-پۆڵۆنیا.

نرخی ئینتەرنێت لە عێراق لە خوارووی تێكڕای نرخە لە ئاستی دنیادا، بەڵام لەم وڵاتانەی سەرەوە گرانترە و بۆ هەر گێگابایتێك نزیكەی دۆلار و نیوێكە.




وشە - سلێمان تاشان


AM:11:35:11/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌