ناڕەزایی لەسەر كاندیدی پارێزگاری كەركووك دروست بوو

:: PM:04:44:11/07/2019 ‌
ئەمڕۆ بەپێی ڕێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك دیار كرا، بەڵام ئەندامانی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ناڕازین و دەڵێن، نازانن لەسەر چ بنەمایەك ئەو كاندیدە دانراوە.

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەكێتی كە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، تەیب جەبار وەك كاندیدی پارێزگاری كەركووك دیار كرا. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تەمووز، كامەران كەركووكی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەشێك لە ئەندامانی لیستی برایەتی لە دانانی كاندیدی پارێزگاری كەركووك ناڕازین، چونكە نازانین لەسەر چ بنەمایەك ئەو كاندیدە دیار كراوە.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەندامانی لیستی برایەتی ئاگاداری وردەكاری ڕێككەوتنی دانانی كاندیدی پارێزگاری كەركووك نین.

كەركووكی باسی لەوە كرد كە ڕاستە ئەوە بەپێی ڕێككەوتنێكی سیاسیی كراوە، بەڵام پێویستی بە دەنگدان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك هەیە و دەبوو پێشتر پارتی و یەكێتی لەو ڕێككەوتنە ئاگادارمان بكەنەوە.

پڕۆفایلی تەیب جەبار ئەمین كاندیدی پارێزگاری كەركووك:

ساڵی 1954 لە كەركووك لە دایكبووە خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لە كەركووك تەواوكردووە.

ساڵی 1976 كۆلێژی ئەندازیاری بەشی بیناسازی لە زانكۆی سلێمانی تەواوكردوە.

ساڵی 1978 تا 1992 فەرمانبەر بووە وەك ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی سلێمانی.

لە 1-8-1992تا 1-8-1997 بریكاری وەزارەتی ئەشغال و نیشتەجێكردن بووە لە كابینەی یەكەم و دووھەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان.

كۆتایی ساڵی 1997 خۆی خانەنشین كردووە.

لە ساڵی 1998 لە كەرتی تایبەت كاریكردوە لەبواری ئەندازیاری.

لە ساڵی 1970 دەستی بە نووسین كردووە.

خاوەنی چەندین كتێبی شیعری و كتێبی رەخنەییە
چەندین نوسین و كتێبی ھەیە لە بواری ئەندازەی شارو شوێن و ئاوەدانی

لە ساڵی 1992 تا 2001 جێگری سەرۆكی یەكێتیی ئەندازیارانی كوردستان بووە.

ساڵی 2001 تا 2003 سەرۆكی یەكێتیی ئەندازیارانی كوردستان بووە.

ئەندامی یەكێتیی نووسەرانی كوردە.
ئەندامی یەكێتیی نووسەرانی عیراقە.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم