ژمارەیەك كادير و سەركردایەتی لە یەكێتی هەڵگەڕانەوە.. ناوەندێكی تر دروست دەكەن

:: PM:07:12:11/07/2019 ‌
ژمارەیەك لە ئەندام و كادیری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەیاننامەیەكی نارەزایەتیان لە بارەی دۆخی یەكێتی بڵاو كردووەتەوە و باسیان لەوە كردووە پێویستە هەرچی زووە چاكسازی لەناو حزبەكەدا بكرێت، ئەندامێكی سەركردایەتیش دووپاتی دەكاتەوە یەكێتی پێویستی بە چاكسازی هەیە و دەبێت چاكسازی ناوخۆیی بكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 11ی تەمووز، فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بەیاننامەیەك بڵاوكراوەتەوە بەناوی ئەندام لایەنگرانی یەكێتی باسیان لە ئەنجامدانی چاكسازی كردووە لەناو حزبەكە، بەڵام تا ئێستە نازانین ئەو بەیاننامەیە كێ دەریكردووە و چ سەركردەیەكی تێدایە.

بەیاننامەكە باس لەوە دەكات پێویستە هەرچی زووە یەكێتی رێگای چاكسازی بگرێتەبەر و دۆخی ناوخۆی خۆی چاك بكات، بەیاننامەكەیش ناوی ناوەندی وەستانەوەی یەكێتی بەسەرەوەیە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی دەڵێت، یەكێتی پێویستی بەچاكسازی هەیە، پێویستی بە گۆڕانكاری زۆر هەیە بە تایبەتی گۆرانكاری لە شێوەی دەركردنی بڕیار، چاكسازی لەناو سەركردایەتی باس كراوەو دەمانەوێت لە كۆنگرەی  داهاتوو چاكسازی ڕیشەیی و زۆر لەناو یەكێتی بكەین.

یەكێتی ماوەیەكی زۆرە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانییەوە دەناڵێنێت ئێستە پشكی یەكێتی لە حكوومەت جارێكی تر ئەو حزبەی ڕووبەڕووی كێشە كردووەتەوە و مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی دوێنی هەڵوێستیان ڕاگەیاند. ڕۆژانە لەناو یەكێتییەوە بەیاننامەی جۆراو جۆر دەردەكرێ‌ كە پێدەچێ‌ دۆخی ئەو حزبە تا كۆنگرە بەوشێوەیە بمێنێتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم