نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایی له‌ ڕێواز فایه‌ق ده‌كات

:: AM:10:06:12/07/2019 ‌
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایی له‌ ڕێواز فایه‌ق ده‌كات، به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی وه‌ك‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازێت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

"بەڕێز خاتوو د. ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان..

بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێزتانه‌وه‌ به‌ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، به‌گه‌رمى پیرۆزبایتان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتن بۆ خۆتان بۆ په‌رله‌مانى كوردستان بۆ دەخوازم.

پەرلەمانی كوردستان ڕۆڵی كاریگەری هەبووە لە چەسپاندنی یاسایی مافەكانی گەلی كوردستان و ڕێكخستنی ژیانی مەدەنی و ئیداری لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی دەركردنی یاسا و بڕیارە پێویستەكانه‌وه‌. هیوادارم به‌ ئه‌زموون و شارەزایتان له‌ كارى په‌رله‌مانى و به‌ هاوكاریى هه‌موو فراكسیۆنه‌كان، خزمه‌تێكى باشتر به‌ قۆناغى ئێسته‌ و داهاتووى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن.

ئێمه‌یش له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان پاڵپشت و هاوكار ده‌بین، بۆ سه‌رخستنى كاره‌كانى په‌رله‌مان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ پێناو قووڵكردنه‌وه‌ى ئه‌زموونى دیموكراسى و به‌ره‌وپێشبردنى سیسته‌مى حوكمڕانى له‌ هه‌رێمى كوردستان".

لەگەڵ ڕێزمدا..

نێچیرڤان بارزانی/ سەرۆكی هەرێمی كوردستان

ڕۆژى پێنجه‌شم 11ى ته‌مووز، ڕێواز فایەق ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانی كوردستان دوای ڕێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی بووە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.



وشە - محەمەد میران