شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا به‌رپرسی لقی 15ی خانه‌قینی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، نزیكه‌ی 100 پۆلیس و فه‌رمانبه‌ری كورد له سنووری خانه‌قین له‌سه‌ر كار لابراون. دووپاتیشی ده‌كاته‌وه "له سنووری ناوچه كوردستانییه‌كانی دیاله 52 گرووپی میلیشیا بوونیان هه‌یه و له‌ناویاندا میلیشیای تاڵانچی هه‌ن".
لقی 15ی خانه‌قینی پارتی دیموكراتی كوردستان له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه تا ئێسته، باره‌گای له خانه‌قین نه‌ماوه و له كه‌لار كار ده‌كه‌ن، ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ لقی 22ی گه‌رمیانی پارتی پێكه‌وه بوون و ساڵێك ده‌بێ هاتوونه‌ته گوندی ساڵح ئاغای نێوان كه‌لار و خانه‌قین، چونكه ئه‌م گونده له‌رووی كارگێڕییه‌وه سه‌ربه شاره‌دێی قۆره‌تووی سه‌ربه شارۆكه‌ی خانه‌قینه، بۆیه باڵه‌خانه‌یه‌كیان به‌كرێ گرتووه.
شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا به‌رپرسی لقه‌كه، هۆی كردنه‌وه‌ی باره‌گا له‌و گونده بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه ئاسانكاری بۆ ئه‌و كه‌سانه بكرێ كه له خانه‌قینه‌وه سه‌ردانیان ده‌كه‌ن. له‌باره‌ی هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ خانه‌قین، ده‌ڵێ "دۆخی ئاڵۆزی عێراق و لاوازی و كه‌مته‌رخه‌می حكوومه‌تی ناوه‌ند بووه‌ته هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی باره‌گه‌مان بۆ سه‌نته‌ری خانه‌قین، هه‌رچه‌نده له‌به‌رئه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌سێكی باشه، ئومێد زۆر به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی باره‌گه‌كان بۆ ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم هه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێك هه‌نگاو ماون بنرێت بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه كوردستانییه‌كان، بۆیه گه‌ڕانه‌وه دواكه‌وتووه".
ئه‌و دووپاتی ده‌كاته‌وه كه وه‌ك پارتی گه‌ڕانه‌وه‌یان پێوه‌سته به جێبه‌جێكردنی چه‌ند خاڵێك، له‌وانه هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له سه‌نته‌ری شار و شارۆكه كوردستانییه‌كان باره‌گه‌كانیان ببه‌نه ده‌ره‌وه و پێشمه‌رگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناوچه كوردستانییه‌كان و له‌گه‌ڵ سوپای عێراقی دۆسیه‌ی ته‌ناهی ده‌وروبه‌ری ناوچه كوردستانییه‌كان به‌تایبه‌ت خانه‌قین و كه‌ركووك له ئه‌ستۆ بگرن تا ده‌گاته مه‌خموور و شنگال.
به‌ده‌ر له‌و مه‌رجه، شێخ جه‌عفه‌ر به گرنگی زانی "ئه‌و كه‌سانه‌ی له داوده‌زگا حكوومییه‌كان یان له‌سه‌ر سلكی پۆلیس له ناوچه كوردستانییه‌كان دوور خراونه‌ته‌وه، بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر كاره‌كانی خۆیان".
به‌پێی ئامارێك كه ئه‌و به‌رپرسه خستیه‌ڕوو، نزیكه‌ی 40 پۆلیس دوور خراونه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ 50 فه‌رمانبه‌ری فه‌رمانگه جیاوازه‌كانی سنووری خانه‌قین، ته‌نانه‌ت ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی هه‌یه به‌هۆی لێكه‌وته‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكه‌ن و وه‌ك دوورخراوه هه‌ڵسوكه‌وتی به‌رانبه‌ر ده‌كه‌ن.
به‌رپرسی لقی 15ی پارتی ده‌ڵێت، "یه‌كێك له‌و مه‌رجانه‌مان قه‌ره‌بووكردنه‌وه و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی باره‌گه‌كانمانه، چونكه له‌كاتی داگیركردنی هه‌ندێك له باره‌گه‌كانمان به‌تایبه‌ت باره‌گه‌ی لقی 15ی خانه‌قین، ده‌رگه و په‌نجه‌ره‌یان لێ كردووه‌ته‌وه، ماوه‌یه‌ك حه‌شدی شه‌عبی و ماوه‌یه‌كه سوپای عێراقی لێیه، له كاتێكدا به ملیۆنان دینارمان خه‌رج كردبوو بۆ دروستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی باره‌گه‌كانمان، دوا قۆناغیش گه‌ڕانه‌وه‌ی باره‌گه‌كانمانه به ئاڵای پیرۆزی كوردستانه‌وه".
ئه‌و له‌باره‌ی پرسی یه‌كگرتنی هێزی پێشمه‌رگه له كوردستان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، هه‌نگاوی پێویست نراوه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته و چه‌ند لیوایه‌ك یه‌كیان گرتووه‌ته‌وه، له كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ئومێد زۆره ئه‌و هه‌وڵه زیاتر چڕ بكرێته‌وه و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه یه‌ك بخرێنه‌وه.
به‌گوته‌ی شێخ جه‌عفه‌ر، هه‌وڵه‌كانی هاوپه‌یمانان چ بۆ یه‌كخستنی پێشمه‌رگه و چ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه كوردستانییه‌كان و رێكخستنی كه‌شێكی ئارام بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ناوچه كوردستانییه‌كان، جێی بایه‌خن و هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن.
دوا بڕیاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه تا كۆتایی ئه‌م مانگه مۆڵه‌تی داوه به هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له سه‌نته‌ری شارۆكه‌كان بچنه ده‌ره‌وه و ئاوێته‌ی سوپا بن، به‌بۆچوونی شێخ جه‌عفه‌ر "ئه‌م بڕیاره زۆرباشه و ده‌بێته پاڵنانێك بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا به‌ره‌وپێش بچێ و پاشان وه‌ك مه‌رجێك بۆ نه‌مانی هێزی حه‌شدی باره‌گه‌ی ئێمه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ناوچانه".
ئه‌و به دووریشی نازانێ ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رۆك وه‌زیران له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و میلیشیایانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی بێ كه نزیكن له كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه، به جۆرێك له ده‌ربازكردنی گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له لیستی تیرۆر كه ئه‌مه‌ریكا هه‌نگاوی بۆ ده‌نێ. ته‌نیا له ناوچه كوردستانییه‌كانی دیاله 52 گرووپی میلیشیایی هه‌ن، هه‌ریه‌كه‌یان خۆیان به راست و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ده‌زانن، له كاتێكدا هه‌ر گرووپێكیان ده‌یان منداڵ و هه‌رزه‌كاری تێدایه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هێزی تاڵانكه‌ریان هه‌یه و بیانوو بۆ دزی و تاڵانی ده‌هێننه‌وه و ده‌ڵێن مووچه‌یان نییه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ناوه‌نده‌وه.
له كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئومێد زۆره هێزه‌كانی پێشمه‌رگه یه‌ك بخرێنه‌وه.
وشه/به‌دواداچوونی سه‌بری هۆرێنی