سروە عوسمان نووسەر و شاعیر، بە هاوکاری لقی سلێمانی یەکێتی نووسەرانی کورد، دوو کتێبی شیعریی خۆی بە ناوەکانی "هەناسەکانی ژنێک و تاسەکانی عیشق" لە مانگی تەمووز بڵاو کردەوە. له باسی كتێبهكانیشیدا چهند ڕهخنهیهكی توندی له دابونهریتی باوی كۆمهڵگا بهرانبهر به ژنان گرت.
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی تەمووز، سروە عوسمان نووسەر و شاعیر سهبارهت به كتێبهكانی بە "وشە" ی ڕاگەیاند، ئەم دوو کتێبی شیعریەم ڕووناکی و گزنگی خۆریان بینی، بە تایبەت کتێبی "تاسەکانی عیشق" کتێبێکی زۆر جیاوازە، چونکە زمانی مێیینەیە بۆ ئەویتر، زمانی عیشق لە دید و بۆچونی ژنەوە بۆ پیاو نووسراوە. چونکە بیستومانە و خوێندومانەتەوە کە پیاوان بۆ ناسکی و جوانی و باڵا و لەشولار و سینگ و بەرۆکی ژنان هۆنراوەیان خوێندۆتەوە، ئەمڕۆ بە چاو هەڵێنانی كتێبی تاسەکانی عیشق، پێناسەکان هەڵگەڕاوە بووە و ناخی کچێک و ژنێک و هەرزەکارێک، لە ٤٥ کۆپلە شیعری ناسکدا دەخوێنیەوە کە پێمان دەڵێ، چیتر عیشق نوسینەوە بۆ کوڕە فەقیر و کوڕە شا نییە، لێرەدا عیشق خۆی بە موڵکی هەردوو ڕەگەز دەناسێنێت، بە ئومێدم لە داهاتوودا ئامێزی گەرمی خۆشەویستی بۆ بکەنەوە و بیکەنە سەرەتایەک بۆ نەهێشتنی لەمپەرو کۆسپەکان لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا.
زیاتر ڕوونی کردەوە، کتێبی "هەناسەکانی ژنێک" تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە به هەناسەی هەموو مێینەیەک، هەر لە کچۆڵەیەکی هەرزەکارەوە تا گوڵفرۆشێکی دێوەڕە، لە کچێکی عاشقی پڕمەستی بۆ ژنێکی پڕ ژانی ژنبوون، لە ژنێکی یاخی پڕ تامەزرۆی ئازادی بۆ قەیرە کچێکی پڕ حەز و خولیای بەدینەهاتوو، لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو، لە شەڕڤانێکی ورەبەرز بۆ ژنێکی شۆڕشگێڕ بە نووکی خامەکەی، تا دایکێکی پڕسۆز و میهرەبان نووسراوه.
سروه عوسمان ڕهخنهیهكی زۆری له دابونهریتی چەسپاو بەسەر زۆرینەی هەرە زۆری ژنان و کچان گرت و گوتی: ئهم دابونهریته لە ژێر فشاری ئاینگەرایی و ڕکێفی پیاوسالاری و باری دوواکەوتویی تاکی ڕۆژهەڵات بەکار هاتووە، ئەمانە هەموویان زنجیرەیەکی داخراون و بووونەتە کۆت و بەندی ملی مێیینە لەوڵاتی مندا.
"ژن لە وڵاتی ئێمەدا پڕ لە خوێن و مەرگە، 1439 ساڵە هەناسەی ژنی کورد داگیر و کپ کراوە، جیاوازی ژنێکی عەرەب و تورک و عەجەم و ئەفغان، لە ڕێگای کلتووری سەردەمی ( الوپنیه). بەر لە سەرهەڵدانی ئاینی بە ناو ئاسمانی ژنانیان سەمایان کردووە، بەڵام هەموو شتێک لە ژنانی کورد قەدەغەکراوە و داوای باڵا پۆشی لێدەکرێ و چەندین جار بیستوومانە ژنێک لەسەر سەمایەک یان قۆڵ ڕووتکردنەوەیەک ئاسەواری سڕدراوەتەوە." سروه وای گوت.
له كۆتادا سروه پهیامێكی بۆ كۆمهڵگاكهی نارد و گوتی: دەبێ ڕێز لە قەڵەمی ژنانی بوێر بگیرێ، هەروەها هەنگاونان و گۆڕانکاری زۆر سەختە لە کۆمەڵگای دوواکەوتوو، بۆیە پێویستی بە پشتگیری هەموومان هەیە و نابێت جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا بکرێت، چونکە ژن و پیاو وەکو مرۆڤ یەکسانن، تەنها لە هاوسەرگیرییدا پێناسەی رەگەز دەناسرێت، بۆیە بە ئومێدم لە چینی نووسەران و ڕۆشنبیران، خوێندنەوە بۆ ئەندێشە و هەناسە و ئازاری ژن بکرێت و بەکامی دڵ گوێی بۆ بگرن.
سلێمانی/ گەرمیان گلی