بێریڤان جەلال و هۆزان دوو هاوسەرن و خوێندكاری قۆناغی كۆتایی كۆلیژی وەرزش بوون لە زانكۆی هەڵەبجە، توانیان پلەی یەكەم و دووەم بەدەستبهێنن.
بێریڤان جەلال وەرزشوانێكی نمونەییە لە كۆلیژەكەی خۆیدا و 11 ساڵە هەموو جۆرەكانی وەرزشی تاقیكردووەتەوە و باشترین كچە وەرزشوانی كوردستان و عێراقە، بێریڤان و هۆزان پەیمانگای وەرزشی سلێمانیان تەواو كردووە و بەهۆی بەدەستهێنانی پلە یەكەمییەكان لە هەموو قۆناغەكانی خوێندندا لە كۆلیژی وەرزش لە هەڵەبجە وەرگیراوەتەوە و لە مساڵیشدا خوێندكاری قۆناغی چوار بوون و بێریڤان بە پلەی یەكەم و هۆزانیش بە پلەی دووەم سەركەوتنیان بەدەستهێنا.
بێریڤان، لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق یاریزانێكی زۆر باشە و توانیویەتی لە زۆربەی یارییەكاندا پلەی باش بۆ یانەكەی یا هەڵبژاردەكەی بەدەستبهێنێت و ماوەی 11 ساڵە وەرزشوانە و لە هەموو جۆرەكانی وەرزشدا بەشداری كردووە و نازناوی خوێندكاری وەرزشوانی نمونەیی ساڵی 2018ی لەلایەن كۆلیژەكەیەوە پێبەخشراوە.
بێریڤان بۆ "وشە" گوتی، من و هۆزان لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا بە جیا وانەمان دەخوێند لە وانە كردارییەكاندا زۆر باش بووین ئەمەش وایكرد كە سەركەوتن بەدەستبهێنین.
زیاتر گوتی، 11 ساڵە وەرزشی تۆپی پێ دەكەم و یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقم و لە هەمان كاتدا یاریزانی تۆپی دەستیش بووم و بۆ چەندان یانە یاری گۆڕەپان و مەیدان و فووتساڵ و تۆپی دەست و تێنسی سەرمێزم كردووە، هەروەها ئێستە بۆ یانەی سیروانی نوێ كاردەكەم لە شاری سلێمانی و ڕاهێنان دەكەین بۆ خولی كوردستان.
خاوەنی زۆرترین مەدالیا و كاسە و بەشداری لە 15 پاڵەوانێتی خولی كوردستان و عێراق كردووە و توانیویەتی لە زۆربەی یارییەكاندا بۆ یانە و هەڵبژاردە پلەی باش بەدەستبهێنێت.
بێریڤان جگە لەوەی كە خۆی وەرزشوانێكی باشە و نازناوی خوێندكاری وەرزشوانی نمونەیی ساڵی 2018ی لەلایەن كۆلیژەكەیەوە پێبەخشراوە، لە فێرگەیەكی تۆپی پێی بۆ منداڵان بە ناوی فێرگەی ئاسۆ ڕاهێنەرە.
سلێمانی/ ئاریان محەمەد