نەتەوەیەكگرتووەكان: 820 ملیۆن كەس بەدەست برسیەتی دەناڵێنن

تا دێت ژمارەی ئەوانەی دەستیان ناگات بە خۆراكی پێویستی رۆژانە، روو لە زیادبوون دەكات. بەپێی ئامارێكی نەتەوەیەكگرتووەكان، ساڵی 2018 زیاتر لە 820 ملیۆن كەس لە جیهاندا برسی بوون و خۆراكی پێویستیان دەست نەكەوتووە، ئەمەش بە بەراورد بە 2017 زیاتر لە نۆ ملیۆنی زیاد كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووز، نەتەوەیەكگرتووەكان راپۆرتی ساڵانەی لەسەر ژمارەی ئەو كەسانەی لە جیهاندا خۆراكی پێویستی رۆژانەیان دەست ناكەوێت، راگەیاند. بەپێی راپۆرتەكەش بێت، ژمارەی برسییەكانی جیهان لە 811 ملیۆن بۆ ساڵی 2017، بووە بە 820 ملیۆن بۆ ساڵی 2018، ئەوەش دەخاتەڕوو كە ئەمە بووەتە ئالنگارییەك لەبەردەم بەرنامەی ئامانجی گەشتەپێدانی بەردەوامی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ زاڵبوون بەسەر برسیەتی تا ساڵی 2030.

راپۆرتەكە لەلایەن پێنج رێكخراوی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە نیۆیۆرك راگەیەنرا، بەپێی ناوەڕۆكی راپۆرتەكەش بێت ئەوا 30.8%ی دانیشتووانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەفریقیا كێشەی كەمی خۆراكیان هەیە و خەڵكەكەی برسین. هاوكات لەو ژمارەیەی راگەیەنراوە ئەوا 500 ملیۆنی دانیشتووانی وڵاتانی باشووری ئاسیا، گرفتی كەمی خۆراكیان هەیە.

لەو 820 ملیۆنە رێژەی 8%ی ئەوانەی بەپێی پێویست دەستیان بە خۆراك ناگات، لە وڵاتانی ئەمەریكای باكور و ئەوروپان، بەمەش پرسی برسیەتی لەو وڵاتانە نەبووەتە بابەت.
 
ئامارەكە دەڵێ، 821 ملیۆن و 600 هەزار كەس لە دنیا وەك پێویست خۆراكیان بەدەست ناگات، ئەمەش دەكاتە یەك كەس لە نۆ كەس لە دنیادا.
لە كیشوەری ئاسیا 513 ملیۆن و 900 هەزار كەس برسین و خۆراكیان بەدەست ناگات، لە كیشوەری ئەفریقیا 256 ملیۆن و 100 هەزار، لە كیشوەری ئەمەریكای لاتین و ناوچەی دەریای كاریبی 42 ملیۆن و 500 هەزار كەس، برسین و خۆراكی پێویستیان بەدەست ناگات.


وشە - فه‌رمان سادق


AM:10:56:16/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 85 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌