له قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه رۆحی منداڵ له‌گه‌ڵ هونه‌ر ئاشنا ناكرێت
هێرۆ شێخه /28 ساڵ/ له شنۆ له دایك بووه و هه‌ر له‌وێ چووه‌ته په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان و دیپلۆمی نیگاركێشانی وه‌رگرتووه. ساڵی ٢٠٠٨ هاتووه بۆ باشوور و له كۆلێژی هونه‌ره جوانه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین درێژه‌ی به خوێندن له به‌شی شێوه‌كاری داوه. له ساڵی ٢٠١٢ به‌كالوریۆسی له نیگاركێشان وه‌رگرتووه. ئه‌و له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ده‌ڵێ مرۆڤی كورد له كۆنه‌وه ئاوێته‌ی هونه‌ر بووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌گه‌ڵ داگیركردنی وڵاته‌كه‌ی، رۆحیشی داگیر كراوه.
كاره‌كانی تۆ چۆن له كاری شێوه‌كارانی تر جیا ده‌كرێته‌وه؟
هه‌موو به‌رهه‌مێكی هونه‌ری ره‌نگدانه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی خوڵقێنه‌ره‌كه‌یه‌تی. كه‌سایه‌تی مرۆڤ و ئه‌زمونه‌كانیان جیاوازن، هه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆكار بۆ تایبه‌تبوونی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كان. له‌باره‌ی جیاوازیی به‌رهه‌می خۆم، زۆربه‌ی تابلۆكانم به‌رهه‌می هه‌ستكردن به ژانێك یان گه‌ڕان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیارێكدان. هه‌وڵم داوه راستگۆیانه ئه‌و بابه‌تانه‌ی هزر و هه‌ستم داگیر ده‌كه‌ن بگوازمه‌وه سه‌ر پانتایی تابلۆ. ئه‌وه زۆر یارمه‌تیده‌ر بووه كه زۆربه‌ی به‌رده‌نگانی تابلۆكانم له یه‌كه‌م سه‌رنجدا هه‌ست به ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بكه‌ن و زۆربه‌یان پێیان وا بووه تا ئاستێك توانیومه ده‌ربڕینی تایبه‌ت به خۆم هه‌بێت.
جیاوازی چییه له نێوان وێنه‌كێش و شێوه‌كار كه ئه‌وه له ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه تێكه‌ڵ بووه؟
شێوه‌كاریی بریتییه له هونه‌ره‌كانی نیگاركێشان، په‌یكه‌رسازی، سیرامیك، دیزاین، وێنه‌كێشی یان نیگاركێشی وه‌ك لقێك یان شێوازێك له شێوه‌كاریی پێناسه ده‌كرێت.
وێنه‌كێش كه‌سێكه بیرۆكه و هه‌سته‌كانی ده‌خاته سه‌ر پانتاییه‌كی دوو رووبه‌ری. ئه‌و كه‌ره‌سته سه‌ره‌كییانه‌ی نیگاركێش له به‌رده‌ستێتی بریتین له هێڵ، فۆرم، ره‌نگ و تێكسچه‌ر، به‌ڵام ره‌نگ گرینگترینیانه.
نیگاركێش له‌سه‌ر رووبه‌رێكی دوو ره‌هه‌ندی و به ره‌چاوكردنی و زۆرجار تێكشكاندنی هه‌ندێك یاسا، دنیایه‌كی نوێ ده‌خوڵقێنێت، به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا سنووری نێوان شێوازه هونه‌رییه‌كان روون نییه و هونه‌رمه‌ند ده‌توانێ به تێگه‌یشتن له بنه‌ما هونه‌رییه‌كان له هه‌ریه‌ك له شێوازه‌كانی ده‌ربڕین كه‌ڵك وه‌ربگرێت.
زۆرجار كچان دوای ته‌واوبوونیان له خوێندن یان شووكردن واز له هونه‌ر دێنن، بۆچی؟
له‌باره‌ی وازهێنانی كچان له هونه‌ر له دوای پێكهێنانی ژیانی هاوبه‌ش، یه‌كێك له هۆكاره‌كانی له‌وانه‌یه ده‌رئه‌نجامی چوونه ناو بارودۆخێكی جیاواز بێت. ئه‌گه‌ر بمه‌وێت باسی ئه‌زموونی خۆم بكه‌م، ده‌بێ بڵێم منیش بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی ساڵێك زۆر به‌كه‌می به‌رهه‌مم هه‌بوو. چونكه ده‌بوو خۆم له‌گه‌ڵ بارودۆخێكی جیاواز بگونجاندایه. بۆ ماوه‌ی شه‌ش ساڵ نیگاركێشان، خوێندنه‌وه و بیركردنه‌وه‌م به شێوه‌یه‌ك بوو كه ئیتر خووم به‌و شێوازه گرتبوو. خووم به هه‌ڵسوكه‌وتی بنه‌ماڵه‌كه‌م له‌گه‌ڵ خۆم و شێوه‌ی كاركردنم گرتبوو. به‌ڵام به دابڕانم له‌و شوێنه و ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شێك بوون له تابلۆكانم، تووشی جۆرێك سه‌رلێشێواوی بووم. ماوه‌یه‌كی پێ چوو هه‌تا له‌گه‌ڵ شوێنی نوێ و شێوازێكی تری ژیان راهاتم و توانیم بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر رێڕه‌وی جارانم. له‌وانه‌یه زۆربه‌ی ئه‌و كچانه‌ی ده‌چنه ناو ژیانی هاوبه‌شه‌وه تووشی ئه‌و كێشه‌یه ببن و نه‌توانن خۆیان له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه بگونجێنن.
هه‌ست ده‌كرێ له كوردستان هونه‌ری شێوه‌كاری ده‌خرێته په‌راوێزه‌وه، ئه‌وه‌یان بۆچی؟
سه‌ره‌كیترین هۆی په‌راوێزخستنی هونه‌ر به‌گشتی و هونه‌ری شێوه‌كاری به‌تایبه‌تی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزمبوونی ئاستی تێگه‌یشتن له هونه‌ر و بایه‌خی هونه‌ر. مرۆڤی كورد له كۆنه‌وه ئاوێته‌ی هونه‌ر بووه و به‌رهه‌می به‌نرخی هونه‌ری مێژووییان خوڵقاندووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌گه‌ڵ داگیركردنی وڵاته‌كه‌مان، رۆحیشیان داگیر كردین، ئه‌وه‌نده سه‌رقاڵی شه‌ڕكردن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ریمان بووین كه ده‌رفه‌تی بیركردنه‌وه له هونه‌ر و داهێنانی هونه‌ریان بۆ نه‌هێشتین.
كێشه‌یه‌كی تر بێ ئاگایی له مێژوومانه. بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی رۆحی هونه‌ری پێویستمان به ناسینی مێژووی هونه‌ره‌كه‌مانه. ئه‌وه‌ش ئه‌ركی په‌روه‌رده‌یه كه له‌م بواره‌دا كه‌مته‌رخه‌م بووه. چونكه له قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه هه‌وڵ نادرێت رۆحی منداڵ له‌گه‌ڵ هونه‌ر ئاشنا بكرێت و مێژووی هونه‌ر و به‌تایبه‌ت هونه‌ری وڵاته‌كه‌ی خۆی پێ بناسێنرێت. تا ئێسته‌یش له زۆربه‌ی قوتابخانه‌كان وانه‌ی هونه‌ر یان به وانه‌كانی تر پڕ ده‌كرێته‌وه یان مامۆستای وانه سه‌ری له هونه‌ر ده‌رناچێت.
ئایا خوێندن له به‌شی شێوه‌كاری به‌سه بۆ فێربوونی ئه‌و هونه‌ره؟
زۆر هونه‌رمه‌ندی ناودار و داهێنه‌ر هه‌ن هونه‌ریان به‌شێوه‌ی ئاكادیمی نه‌خوێندووه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه تێگه‌یشتنی هونه‌ری و جوانیناسییان نه‌بێت. ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه زۆر هه‌ستیار بوون یان له رووی فكرییه‌وه خاوه‌ن بیرۆكه و رووناكبیر بوون. گرینگ‌ترینیان بۆ من "فریدا كالۆ"یه كه به‌هۆی به‌هره و ئیراده‌یه‌وه بوو به كه‌سایه‌تییه‌كی دیار و كاریگه‌ر له دنیای هونه‌ردا.
خوێندنی ئاكادیمی ده‌توانێ فێرخوازی هونه‌ر بخاته سه‌ر رێڕه‌وی دروست. ئه‌مه‌ش به چاودێریی مامۆستای باش و تامه‌زرۆیی فێرخواز ئاسانتر ده‌بێت. ده‌شكرێت له‌و قۆناغه‌دا به‌هره و توانای كه‌سه‌كه به لاڕێدا ببرێت و به‌هره و تواناییه‌كانی بمرن.
هه‌بوونی ئه‌ندێشه و مه‌عریفه و ئاستی به‌رزی رۆشنبیری تا چه‌ند كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رهه‌می شێوه‌كاریی، ئایا پێت وایه شێوه‌كارانی ئێمه خاوه‌نی ئه‌م چه‌مكانه بن؟
بێگومان رووناكبیری كاریگه‌ری له‌سه‌ر شێوه‌كار و داهێنانه‌كه‌ی هه‌یه. بێ بوونی هزرێكی كراوه و ئاماده بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ چه‌مكه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی پێكهێنه‌ری دنیا و ژیان، شێوه‌كار ناتوانێ به‌رهه‌می جیاواز و نوێ بخوڵقێنێت. بۆ ئه‌وه‌ی شێوه‌كار ده‌ربڕینی هونه‌ری هه‌بێت پێویسته له گۆشه‌نیگای نوێوه بڕوانێته دنیای ده‌وروبه‌ری، ئه‌وه‌ش بێ مه‌عریفه كارێكی ئه‌سته‌مه. ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداری به‌رهه‌می هونه‌ری كوردیم هونه‌رمه‌ندی رووناكبیرمان هه‌یه كه به‌رهه‌می قووڵیان له رووی ناوه‌ڕۆكه‌وه هه‌یه كه چێژێكی زۆرم پێ ده‌ده‌ن.
ئێمه‌ی كورد له هونه‌ری شێوه‌كاریدا ره‌خنه‌گری رژد و ئه‌كادیمیمان هه‌یه؟ تۆ وه‌ك شێوه‌كارێك قه‌ت رووبه‌ڕووی ره‌خنه بوویته‌وه؟
زۆر به شوێن ئه‌وه‌وه بووم ره‌خنه‌گریی هونه‌ریی كورد بدۆزمه‌وه و تێڕوانین و شیكردنه‌وه‌كانیان له‌سه‌ر هونه‌ری كورد بخوێنمه‌وه و لێیان فێر بم، به‌ڵام به‌داخه‌وه زۆر كه‌من و ژماره‌یان ناگاته په‌نجه‌ی ده‌ست، بۆیه ئێمه ناچارین خۆمان ره‌خنه‌گری سه‌ره‌كی كاره‌كانمان بین. هه‌ر به‌رده‌نگێكیش بۆ ئێمه ره‌خنه‌گرێكه.
ئایا حه‌زت له كاری كام شێوه‌كاری كورد و جیهانییه و له‌به‌ر چی؟
له‌ناو شێوه‌كارانی كورد ناتوانم به دیاریكراوی باسی كه‌سێك بكه‌م، به‌ڵام له شێوه‌كاره جیهانییه‌كان كاره‌كانی فرانسیسكۆ گۆیام حه‌ز لێیه به‌هۆی داهێنانه‌كانی له فۆرمدا، روانینی قووڵی له‌باره‌ی مرۆڤ و ره‌خنه‌گرتن له كرداره قێزه‌ونه‌كان و ئه‌و ریالیسته تاڵه‌ی له كاره‌كانیدا هه‌یه. كاره‌كانی (ڤینسینت ڤانكۆخ)م زۆر خۆش ده‌وێت چونكه به سه‌ریكردنی هه‌ست به روح و سۆز و كه‌سایه‌تی ناسكی ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌كه‌م. زۆر وه‌ستایانه یاریی به ره‌نگ و هێڵه‌كان ده‌كات. فۆرمه‌كانی وه‌ك رۆحه سه‌ركێشه‌كه‌ی له‌ناو تابلۆ سه‌ما ده‌كه‌ن. ئامه‌دیئۆ مۆدلیانی و روانینه قووڵه‌كانی مۆدێله‌كانی كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر داناوم، هه‌رچه‌ند زیاتر چاو له تابلۆكانی مۆدیلانی ده‌كه‌م زیاتر هه‌ست به‌وه ده‌كه‌م شتێك هه‌یه له پشت چاوه‌كان ناتوانم لێیان تێبگه‌م. مه‌ندی ناو تابلۆكانی چێژێكی تایبه‌تم پێ ده‌دات. فه‌لسه‌فه‌ی شێواندنی فۆرم، ئازادی و ئازایه‌تی له به‌كارهێنانی فڵچه و شێوه‌ی زبری وێنه‌كانی كاره‌كانی ویلیا‌م دێ كۆنینگیش بۆم سه‌رنجڕاكێشه.
ئه‌گه‌ر ده‌خوێنیته‌وه، حه‌زت له به‌رهه‌می كام نووسه‌ره؟
خۆشترین بیره‌وه‌رییه‌كانی منداڵیم هی ئه‌و كاتانه‌یه كه چیرۆكم ده‌خوێنده‌وه. له‌و كاته‌وه هه‌ر حه‌زم له ئه‌ده‌بیات بووه به‌تایبه‌ت رۆمان. له‌ناو ئه‌و رۆمانانه‌ی تا ئێسته خوێندوومنه‌وه ئه‌وه‌ی زیاترین چێژم لێیان وه‌رگرتووه، ئه‌و رۆمانه‌ن كه بوونه‌ته رۆچنه‌یه‌ك بۆ ناسینی خۆم و ده‌وروبه‌رم. له‌وانه (كوێری) ژوزێ ساراماگۆ زۆرترین كاریگه‌ریی له‌سه‌رم هه‌بوو.
وشه/دیمانه- هه‌ورین و ئه‌ڤین