واژوویەکی وەزیری پێشوو تەندرووستی کێشە لەناو فەرمانبەران درووست دەکات

:: PM:01:54:16/07/2019 ‌
سێ رۆژ پێش متمانەبەخشین بە سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر میلاكی تەندروستی پارێزگای سلێمانی، وەزیری تەندروستی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان "16" خۆبەخشی كردۆتە گرێبەست، ئەوەش نارەزایی خۆبەخشانی كەرتی تەندروستی دەڤەری گەرمیان و ناوچەكانی تری كوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا.

 ژمارەیەك لە كارمەندانی خۆبەخشی نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستییەكانی گەرمیان كە ژمارەیان دەیان كەس دەبێ، ئاشکرای دەکەن، سێ رۆژ پێش متمانە بەخشین بە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دكتۆر رێكەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە نووسراوی ژمارە "5232" ژمارەیەک کارمەندی خۆبەخشی کردووە بە گرێبەست و ئەوەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی خۆبەخشانی تر.

دڵشاد رەشید، كارمەندێكی خۆبەخشی تەندروستی گەرمیان لە رێگەی "وشە" و نیگەرانی و نارەزایی كارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی گەرمیان بۆ رای گشتی راگەیاند وباسی لەوە كرد، ئەوان وەك خۆبەخشانی گەرمیان كە ژمارەیان "300" كارمەندی خۆبەخش دەبێ، بەو  هەنگاوەی وەزیری تەندروستی بۆ ناوچەیەكی دیاریكراو نارازین.

زیاتر روونی دەکاتەوە، لە گەرمیان و ناوچەكانی تری كوردستانیش خۆبەخشان هەڕەشەی گرتنەبەری رێگەی مەدەنی دەكەن دژ بەو بڕیارە كە تەنیا بۆ خۆبەخشانی ناوچەیەكی دیاری كراوی كوردستان دەركراوە، لەو رووەشەوە خۆبەخشانی كەرتی تەندروستی هۆشدارییان داوە بە ئیدارەی گەرمیان.

خالید محەمەد، وەك یەكێك لە نوێنەرانی تری خۆبەخشانی گەرمیان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد ،سەردانی ئیدارەی گەرمیانمان كردووە و گرفتەكانی خۆمان گەیاندووەتە حكوومەت و چاوەروانی وەڵامین.

دووپاتی دەکاتەوە، ئەگەر بڕیارێک بۆ کارمەندانی خۆبەخش دەردەچێت پێویستە بە دادپەروەرانە ئەمە بکرێت و رەچاوی ئەو دۆخەش بکرێت کە بەهۆی بە گرێبەست نەکردنی کارمەندانی خۆبەخش زۆرجار خۆبەخشانی تەندرووستی واز لە کارەکانیان دەهێنن.

لە تەواوی نارەزای و خۆپیشاندانی كارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی گەرمیان لەماوەی ساڵی پار و ئەمساڵ، بەرپرسانی تەندروستی گەرمیان بۆ "وشە" جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستیان بە دامەزراندنی كارمەندی تەندروستییە چی بەهەمیشەیی بێت یاخود گرێبەست.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی


وشە - هیدایه‌ت جان