بەرپرسێكی یەكێتی: سەردانی مەسروور بارزانی بۆ بەغدا قۆناغێكی تر بوو

:: PM:09:00:16/07/2019 ‌
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا بە هەنگاوێكی ئەرێنی لە قەڵەم دەدات و رای دەگەیەنێت، ناكرێت هەرێم و بەغدا دوورە پەرێزبن، بۆیە سەردانی شاندەكەی هەرێم كۆتایی بە دوورە پەرێزی هێنا و قۆناغێكی تر بوو.

ئەمڕۆ سێشەم 16ی تەمووز، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بە سەرۆكایەتی شاندێك سەردانی بەغدای كرد و كۆبوونەوەی لەگەڵ هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق ئەنجام دا.

محەمەد وەتمان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردووە بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر كێشەكانی نێوانیان كە ئەمەیش نیاز پاكی هەرێم نیشان دەدات بەرانبەر بەغدا، بۆیە ئەوە بە قۆناغێكی تر لە پێوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دادەنرێ‌.

" ئومێدەوارین ئەم سەردانە ببێتە مایەی دڵخۆشكردنی خەڵكی كوردستان و رێككەوتنی نێوان هەردوولای لێ بەرهەم بێت، چونكە خەڵكی هەرێمەكەمان خوازیاری ئەوەن خۆشگوزەرانی روویان تێبكات و نەگەڕێنەوە بۆ رۆژگارەكانی تەنگژەی دارایی" بەرپرسەكەی یەكێتی وای گوت.

هەروەك هیواشی خواست هەدوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا پێداگیری نەكەن لەسەر داواكانیان لە رێككەونتەكان و بەرژەوەندی گەلی كورد و عێراق لەبەرچاو بگیرێت.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم