ئەوانەی سەردانی ئێران دەكەن بۆیان نییە لەو بڕە پارەیە زیاتر ببەن

بڕیارێكی نوێ بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە سەردانی ئێران دەكەن دەرچووە و بەپێی بڕیارەكە، هەر هاووڵاتییەك بیەوێ سەردانی ئێران بكات، بۆی نییە لە 10 هەزار دۆلاری ئەمەریكی زیاتر پارە لەگەڵ خۆی بەرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 17ی تەمووز، مەریوان كەریم بەرپرسی هۆبەی راگەیاندنی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی بڕیارێكی نوێی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی سلێمانی كە وێنەیەكیان ئاراستەی بنكەی نشینگەی مەرزی باشماخ كردووە، هاووڵاتییان و گەشتیارانی هەرێمی كوردستان لەكاتی سەردانیكردنیان بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران، لەڕێی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە، دەتوانن تا بڕی 10 هەزار دۆلار لەگەڵ خۆیاندا ببەن.

زیاتر روونی دەكاتەوە، هەر بەپێی ئەو بڕیارە نوێیە، بردنی ئەو بڕە دۆلارەش بە مەرجی ئەوە دەبێت كە پێویستە سەردانی بانكی میلی ناو مەرزەكە بكرێت و بە پێچەوانەوە لەڕێ تووشی كێشە دەبنەوە.

نووری حەسەن شارەزا لە بواری ئابووری لەبارەی ئەو بڕیارە بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە كرد، لەم كاتەدا كە ئێران لەژێر كاریگەری سزا ئابوورییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە، بردنی پارەی عێراقی و دۆلاری ئەمەریكی، كاریگەری بەرچاوی دەبێت لە بەرزكردنەوەی بەهای تمەنی ئێرانی.

دووپاتی دەكاتەوە، ئەم بڕیارە نوێیە سوودی بۆ ئابووری ئێران دەبێت، چونكە زۆربوونی رێژەی دۆلار و كارپێكردنی بەپێی بۆرسە جیهانییەكان وا دەكات تمەن بەرزتر بێتەوە و هاوكات دەشبێتە هۆی بووژاندنەوەی كایەی بازرگانی و ئابووری ئەو وڵاتە.

مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یەكێكە لە مەرزە نێودەوڵەتییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران. هاووڵاتییان و گەشتیارانی هەرێم، رۆژانە لەو مەرزەوە دەچنە شاری مەریوانی رۆژهەڵات و دواتریش بەرەو ناوچەكانی تری رۆژهەڵات و ئێران دەچن.


وشە - هیدایه‌ت جان


AM:11:50:17/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 1844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌