لە رووداوێكی تەقەكردندا دەنگۆی كوشتنی دوو كارمه‌ندی كونسوڵگەی توركیا لە هەولێر هەیە

:: PM:03:08:17/07/2019 ‌
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە یەكێك لە كافتریاكانی هەولێر لە نێوان چەند كارمەندێكی كونسوڵگەی توركیا و كەسێك دەمەقاڵێ‌ دروست دەبێت و بەهۆی رووداوەكەوە دوو كوژراو هەن.

بەپێی زانیارییەكان كە هێشتا سەرچاوەی فەرمی راینەگەیاندوون، كەمێك پێش ئێستە لە یەكێك لە كافتریاكانی هەولێر دەمەقاڵە لە نێوان چەند كەسێك رووی داوە و تەقە كراوە و باس لە كوژران و برینداربوونی سێ‌ كەس دەكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" تەقەكەرەكە هەڵاتووە و هێزە تەناهییەكان لە شوێنی ڕووداوەكان و سەرجەم شەقامەكانیان داخستووە بۆ ئەوەی تۆمەتبارەكە بگرن.

وەك دەنگۆ باس لەوە دەكرێت كە یەكێك لە كوژراوەكان جێگری كونسوڵی توركیایە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام هێشتا پشتڕاست نەكراوەتەوە.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە چەندان بەرپرسی پۆلیسی هەولێر كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەیان نەدایەوە.





وشە - رامیار جەواد